زبڵخانەکانی دەوروبەری پایتەختتان لێ دیارە
+964
شۆڕش عبدولستار -هەولێر
تۆڕی 964 چاودێری پێنج شوێنی شاری هەولێری کرد کە زبڵ و خاشاک لێی کۆبۆتەوە، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر دەڵێت ئەو شوێنانە بەرپرسانی شارەوانی خۆیان لێی بەرپرسن.
ئەو شوێنانەی زبڵ و خاشاک لێی کۆبۆتەوە هەریەکە لە ناحیەی قوشتەپە، ناحیەی کەسنەزان، ناحیەی بەحرکە، رێگای دارەشەکران -بەستۆرە، دەوروبەری داروتووی کۆن.
ژیار جەلال، بەڕێوبەڕی شارەوانی و خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی هەولێر، بە تۆڕی964ی وت “ئێمە لە سەرجەم شاری هەولێر رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن زبڵ کۆدەکەینەوە، کاتێک زبڵ لەو شوێنانە دەبینرێت دەبێت بەرپرسانی ئەو ناوچانە خۆیان وەڵام بدەنەوە”.
سیامەند کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی هەولێر، بە تۆڕی 964ی وت “لەهەر شوێنێک، زانیاریمان هەبێت زبل هەیە، راستەوخۆ تیمەکانی خۆمان دەنێرین، لەبارەی کۆبونەوەی زبڵ لەو شوێنانە زانیاریمان نییە، لەنێو شار لە هیچ شوێنێک زبڵ کۆنەبۆتەوە”.
لەبارەی کۆبونەوەی زبڵ لە ناحیەی بەحرکە، پەیوەندیمان کرد بە مەموند عبدالوهاب، بەرێوبەری شارەوانی بەحرکە، ئەو سوپاسی پەیامنێری تۆڕی 964 دەکات بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە هەبوونی زبڵ لە سنووری ناحیەکەیان، دەڵێت رۆژانە تیماکانمان خەریکی پاککردنەوەی کۆڵانەکانن بەڵام ئەو شوێنە بەزوویی چارەی دەکەین.
لەو رێگایانەی ئێمە تێبینی کۆبوونەوەی زبڵمان کرد، هاوکات پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕاو لەو شوێنانە فڕێدرابوون.
بەپێی ئامارەکانی شارەوانی هەولێر، هەموو رۆژێک، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر، نزیکەی دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک هەڵدەگیرێتەوە، تێچووی مانگانەی ملیارێک و ٦٥٠ ملیۆن دینارە.