لە سنووری ئامێدی
15 هەزار مەتر دووجا لە مین و تەقەمەنی پاک دەکرێتەوە
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین، لە گوندی سپینداری ناحیەی چەمانکێ هەڵمەتی پاک کردنەوەی زەوییەکی لە مین و تەقەمەنی دەست پێکرد.
رێگر بێسفکی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی مین و تەقەمەنی دهۆک بە 964ـی وت، لەدوای پاک کردنەوەی زەویەک لە ناحیەی زاویتە، کە رووبەرەکەی 120 هەزار مەتردووجا بوو، شوێنێکی ستراتیژییە و بڕیارە تونێلێکی لێ دروست بکرێت، لەو زەویە توانیمان 80 مین کۆبکەینەوە.
وتیشی، ئێستا دەستمان کردووە بە پاککردنەوەی ئەو زەوییە لە گوندی سپینداری سەر بە ناحیەی چەمانکێ، رووبەرەکەی 15 هەزار مەتر دووجایە و پێشبینی دەکەین تەواوی پڕۆسەی پاک کردنەوەکە نزیکەی سێ مانگ بخایەنێت.
بەپێی قسەی رێگر بێسفکی، لە سنوری پارێزگای دهۆک 773 زەوی هەن کە مینیان لێیە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 370 زەویان بە تەوای پاک کراونەتەوە.
” کێشەی کەمی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەمان هەیە، بۆیە ناتوانین پڕۆسەی پاک کردنەوەکانمان بە خێرایی ئەنجام بدەین، بەم هۆیەوە ئێستا لە کۆی شەش تیم تەنیا دوو تیممان لە کاردان.” رێگر بێسفکی وای وت.