10 رۆژ لەمەوبەر روویدا بوو

ئەو کوڕەى لە بالیسان باوکى خۆى کوشت لە ژاراوە دەستگیرکرا

964+

وریا فەتاح

پۆلیسى راپەڕین دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارەى راگەیاند کە 10 رۆژ لەمەوبەر لە گوندى شێخ وەسان لە ناحیەى بالیسان باوکى خۆى کوشتبوو.

بەپێى راگەیەنراوەکە بێت، کاتژمێر 9ـى شەوى رابردوو، هێزەکانى بنکەى پۆلیسى ژاراوە تۆمەتبارێکیان بەناوى (ک. ک. ک) لە رەگەزی نێر دانیشتووی گوندی شێخ وەسان سەر بە ناحیەی بالیسان، دەستگیرکرد.

وەک ئەوەى پۆلیس باسى دەکات، دەستگیرکراو تۆمەتبارە بە کوشتنى باوکى و فەرمانى دەستگیرکردنى لە بنکەى پۆلیسى ناحیەى بالیسان هەبووە.

روونکراوەتەوە، تۆمەتبار لە رۆژى 21.7.2024، لەگەڵ باوکى دەبێتە کێشە و دەمەقاڵێى دواتر باوکى دەکوژێت و رادەکات بۆ شوێنێکى نادیار.

رابەر حەسەن، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین لەسەر ئەو دۆسیەیە بە 964ـى وت، بەگشتى لە حاڵەتى ئاوادا فەرمانى دەستگیرکردن دەنێردرێت بۆسەرجەم بنکەکانى پۆلیس، لەسەر ئەو بنەمایە تۆمەتبارەکەى بالیسان دەستگیرکراوە.

لەبارەى ئەوەى تۆمەتبار رادەستى پۆلیسى بالیسان دەکرێتەوە یان نا، رابەر حەسەن ئاشکراى کرد کە ئەو بابەتە پێویستى بە نوسراوى فەرمییە، هەکات نوسراوى فەرمیان بەدەست بگات تۆمەتبار دەگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەى کە دۆسێکەى لێیە.

ئێستا تۆمەتبار بە پێى مادەى 406 لە یاسای سزادانى عێراقى راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵى بەردەوامە.

ناحیەی بالیسان، سەر بە پارێزگای ھەولێرە، کەوتۆتە باکووری رۆژھەڵاتی قەزای شەقڵاوە وە سنووردارە بە ناحیەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆران و قەزای ڕواندز لە باکوور و ناحیەی بێتواتە ی سەر بە قەزای ڕانیە و ناحیەکانی حەریر و باسرمە و ھیران سەر بە قەزای شەقڵاوە و ناحیەی سکتان سەر بە قەزای کۆیە.

ناحیەى ژاراوەش کەوتووەتە سنوورى ئیدارەى راپەڕین لە قەزاى پشدەر، دەکەوێتە نێوان شارى قەڵادزێ و رانیە.

لە پێنجوێن باوکێک کچەکەی خۆی کوشت

لە پێنجوێن باوکێک کچەکەی خۆی کوشت