بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێم

جومانه غه‌لاى: تا ئێستا بڕیار له‌سه‌ر پاداشتنى كارمه‌ندانى سه‌ر سندوقه‌كان نه‌دراوه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەکان له‌ عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیار له‌سه‌ر پاداشتى ئه‌و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانه‌ درابێت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستاندا له‌سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان ده‌بن.

دواى ئه‌وه‌ى له‌ چه‌ند میدیایه‌كى هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ بڕى پاداشتى كارمه‌ندانى سه‌ر سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌، به‌شێكیان 150 هه‌زار دینار و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌شیان 250 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، 964 بۆ ساغكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ كۆمسیۆنى باڵاوه‌ كرد و وته‌بێژه‌كه‌ى ره‌تیكرده‌وه‌.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەکان له‌ عێراق به‌ 964ـى راگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا بڕیار له‌سه‌ر پاداشتى كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌ و ئه‌وه‌ى باسده‌كرێت ته‌نیا ده‌نگۆیه‌.

وتیشی “ئه‌و ژمارانه‌ى بۆ بڕى پاداشته‌كان باسكراون ته‌نیا پێشبینى كردنه‌ و هیچ بڕیارێك لاى كۆمسیۆنەوە نه‌دراوه‌”.

ئاشكراشی كرد، 42 هه‌زار و 370 كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر ئاماده‌كراون،‌ بۆ سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى هه‌رێم.

به‌پێی نوێترین زانیاریش كه‌ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق به‌ 964ـى داوه‌، ژماره‌ى ده‌نگده‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، بریتییه‌ له‌ دوو ملیۆن و 888 هه‌زار و 162 كه‌س، ژماره‌ى وێستگه‌كانى ده‌نگدانیش بریتین له‌ حه‌وت هه‌زار و 47 وێستگه‌ و هه‌زار و 427 ناوه‌ندى ده‌نگدانیش ئاماده‌ ده‌كرێن.