کارەبای مۆلیدەشیان نییە

هاوڵاتیانی وەرتێ بەدەست کەمی کارەباوە دەناڵێنن

964+

ژێوار خدر

هاوڵاتیانی ناحیەی وەرتێی قەزای چۆمان، بە دەست گرفتی کەمی کارەباوە دەناڵینن و دەڵێن لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 10 کاتژمێر کارەبامان هەیە و هیچ مۆلیدەیەکیش لە ناحیەکەدا بوونی نیە.

مەبەست وەرتی، دانیشتوویەکی ناحیەی وەرتێیە بە 964ـی وت، ”بێ کارەبایی تەنگی پێ هەڵچنیوین و بەرگەی ئەو گەرما بەتینەی هاوین ناگرین، بە شەو و رۆژ 10 کاتژمیر کارەبامان هەیە و مۆلیدەش لە ناحیەکەماندا نییە لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی کارەبامان پێبدات.”

کاروان محەمەد، دانیشتوویەکی دیکەی ناحیەکەیە و بۆ 964 وتی، ”راستییەکەی حاڵمان تا بڵێی خراپە، ناتوانین هیچ شتێک لەناو بەفرگر هەڵبگرین لەبەر بێ کارەبایی خراپ دەبێت و ئەوە باسی گەرماکەش هەرناکەم، کە ناتوانین فێنککەرەوەیەک دابگیرسێنین.”

964 پەیوەندی بە شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ کرد، ئەو وتی، ئاگاداری کێشەکەین و حەقیش بە هاوڵاتیانی ناحیەکە دەدەین، بەڵام کۆنتڕۆڵی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی لە هەولێرە و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نییە، بۆیە ئێمە ناتوانین کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکەین.

سەبارەت بەوەی کە بۆ تا ئێستا مۆلیدە لە ناوچەکەدا نییە، شۆڕش حەسەن روونیکردەوە، ناحیەکە بەرفراوانە و ماڵەکان پەرتەوازەن، چەند جارێکیش خەڵکی سەرمایەدار ویستوویانە مۆلیدەیەک دابنێن، بەڵام بەهۆی بەرفراوانی ناوچەکەوە مەسرەفێکی زۆریان دەکەوێتە سەر و پێویستییان بە دانانی زیاتر لە مۆلیدەیەکە، بۆیە تا ئێستا کەس ئامادە نەبووە بەوکارە هەڵسێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ دەڵێت، نووسراومان ئاڕاستەی ئیدارەی سۆران کردووە، ئەوان لە هەوڵدان لقی کۆنتڕۆڵی کارەبای نیشتمانی لە ئیدارەی سۆران بکرێتەوە، بەم شێوەیەش دەکرێ ئێمە خۆمان بڕیار لەسەر زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا بدەین، هەوڵیش دەدەین لە رێگەی سەرمایەدارەکانی ناوچەکەوە هەرچی زووە مۆلیدەیەک دابنێین تا دەتوانین بەیەکجاری کێشەکە چارەسەر بکەین.

کارەبای وەرتێ چاوشارکێ دەکات

کارەبای وەرتێ چاوشارکێ دەکات