UNFPA پێشکەشى کردوون
سێ کلینکى پزیشکى گەڕۆک لە هەولێر دەکەونەکار
964+
وریا فەتاح
لەسەر ئەرکى سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان UNFPA، سێ ئەمبوڵانس دیاریکران کە لە شێوەى کلینکێکى گەڕۆکدان و تایبەتن بە رووداوە نەخوازراوەکان.
دکتۆر سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە هاوکارى UNFPA، سێ یەکەى کلینکى گەڕۆک کە لە سێ ئەمبوڵانس پێکهاتووە بۆ شارى هەولێر دابینکراوە.
وەک روونى دەکاتەوە، لە ئەمبوڵانسەکاندا کلینکێکى تەواو هەیە کە ژوورى پشکنین و چارەسەرکردن و خزمەتگوزارى پەرستارى تێدایە.
وەک باسى دەکات، ئەو کلینکە گەڕۆکانە بۆ حاڵەتە فریاگوزارییەکان و رووداوەکان، تا لەشوێنەکە چارەسەرى ئەو حاڵەتانە بکەن کە پێویستیان بە فریاگوزاریى سەرەتایى هەیە.
رونیشى کردەوە لە کاتى کۆرۆنا و رووبەرووبونەوەى داعشدا، کلینکە گەڕۆکەکان رۆڵێکى بەرچاویان هەبوو لە خزمەتکردن بە هاوڵاتیان و پێشمەرگە.
UNFPA، سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە خەمی تەندروستی زاوزێیە، ئەرکی کارکردنە بۆ جیهانێک کە تێیدا هەموو دووگیانییەک دەخوازرێت و هەموو لەدایکبوونێک سەلامەت بێت، و تێیدا هەموو گەنج و ژنێک تواناکانی خۆی بەدەستبهێنێت.
UNFPA لە ساڵی 2008 بەرنامەکانی لە کۆماری عێراق دەستپێکرد و لە ساڵی 2011 یەکەم ئۆفیسی خۆی لەوێ کردەوە.
سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا لە سەرانسەری عێراق کاردەکات بۆ بەشداریکردن لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی زاوزێ و سێکسی، بەرەوپێشبردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بەهێزکردنی ژنان، پەرەپێدانی بەرنامەکانی گەنجان، و سوودوەرگرتن لە داتا و ئاماری دانیشتووان بۆ بەرزکردنەوەی پرۆسەی گەشەپێدان.
سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ گەیشتن بە ئەولەویەت و ستراتیژییەکانی گەشەپێدانی عێراق.
کاتێک قەیرانەکە لە ساڵی 2014 دەستی پێکرد، UNFPA بەرنامەی دەستێوەردانی مرۆیی فریاگوزاری دەستپێکرد بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە بەپەلەکانی تەندروستی زاوزێ و توندوتیژی جێندەری ژنان و کچانی زیانلێکەوتووی ململانێ.
لێرە زیاتر لەبارەى UNFPAـەوە بزانە