زیانەکان نەزانراون

سنوورى گوندێکى ئاغجەلەر بۆردومانکرا

964+

وریا فەتاح

بەهۆى بۆردوومانى فڕۆکەى جەنگى، ئاگرێکى گەورە لە سنوورى گوندى توتەقەڵى سەر بە ناحیەى ئاغجەلەر کەوتووەتەوە، زیانەکانى بۆردومانەکەش نەزانراون.

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەرى ناحیەى ئاغجەلەر بە 964ـى وت،”کاتژمێر 12:30 خولەکى نیوەڕۆى ئەمڕۆ، سنوورى گوندى توتەقەڵ لە ناحیەى ئاغجەلەر بۆردوومانکرا”.

وەک باسى دەکات، بەهۆى بۆردومانەکەوە ئاگرێکى گەورە لە پوش و پەڵاشى ناوچەکە کەوتووەتەوە و تائێستا نەکوژێنراوەتەوە.

964 لەبارەى شوێنى بۆردومانەکە پرسیارى لە هێمن بەهجەت کرد، ئەو روونیکردەوە شوێنەکە دەکەوێتە دەرەوەى گوندى توتەقەڵ، دۆڵێکە و پێنج بۆ شەش ماڵى مەڕدارى لێن و ئەوە دووەمجارە بۆردومان دەکرێت.

لەبارەى زیانە گیانییەکانیشەوە، بەڕێوەبەرى ناحیەى ئاغجەلەر باسى لەوەکرد، تائێستا نازانن زیانى گیانى هەبووە یان نا.

لاى خۆیەوە، کامەران مەلا عوسمان رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT، بە 964ـى وت، دوو جار بۆردوومانکراوە و بۆردوومانەکەش بە فڕۆکەى جەنگى بووە، بەڵام تائێستا زانیارى تەواوەتى لەبەردەست نین.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سوپاى تورکیا شەوى رابردوو لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە هەریەک لە سنوورى ناحیەى قەسرێ لە قەزاى چۆمان، کوێستانەکانى سیدەکان و گوندى گەڵاڵەى قەزاى ماوەتى بۆردومانکرد.

بەپێى داتاکانى رێکخراوى (CPT)، لە ماوەى یەک مانگ 15.6.2024 تا 15.7.2024، تورکیا 381 جار هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کردووە کە 339 هێرش بە فڕۆکەى جەنگى و 35 بۆردومان بە تۆپباران و حەوت هێرشى درۆنیش هەبووە.

هێرشەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانى هەرێم دابەش بوون:

هەولێر: 43 هێرش

سلێمانى: 43 هێرش

دهۆک: 289 هێرش

شەنگال: یەک هێرش

هەر بەپێى ئامارەکانى ئەو رێکخراوە لە، 1.1.2024 تا 1.7.2024، سوپاى تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانى بۆسەر خاکى هەرێم ئەنجامداوە.

CPT یاخود “تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵگە” رێکخراوێکی ئەمریکییە و لە چەند وڵاتێکى جیهان تیمیان هەیە و لە بوارە جیاوازەکانى مافى مرۆڤدا کار دەکەن، تیمى کوردستانى رێکخراوە سەرنج و پڕۆژەکانیان لەسەر ئەو بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانەیە کە دەکرێتە سەر خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.