کەرکوک

تەرمى پیاوێک بە کوژراوى لە ئاوى خاسە دۆزراوەتەوە

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

تەرمى هاوڵاتییەک بە کوژراوى لە ئاوى خاسەى نزیک قەڵاى کەرکوک دۆزرایەوە، پۆلیس گومان دەکات چەند رۆژێک لەمەوبەر کوژرابێت.

دوای بانگی ئێوارەی دوێنێ هەینی26.7.2024، تەرمى هاوڵاتیەک لە ناو ئاوی خاسە لە لایەن پۆلیسى رووبارەوە دەرهێنراوەتەوە و شوێنەوارى چەقۆ بە جەستەیەوە دەرکەوتووە.

عەقید یوسف محەمەد بەرێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئازادی لە کەرکوک بە 964ـی وت، دوای بانگی ئێوارە لە لایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادار کراینەوە لە بونی تەرمێک لەسەر ئاوی خاسە و پاشان  تەرمەکە دەرهێنرا کە تەمەنی لە نێوان  35 بۆ 40 ساڵان دەبێت.

“شوێنی چەقۆ بەجەستەیەوە دەرکەوتوە و لە ملی دراوە، واتە کوژراوە ئێنجا فڕیدراوەتە نێو ئاوی خاسەوە، بەڵام پێدەچێت چەند رۆژێک پێشتر کوژرابێت”، بەرێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئازادی واى وت.

لەبارەى ناسنامەى تەرمەکەوە، روونى کردەوە کە هیچ ناسنامەیەکى پێ نەبووە و هیچ کەسیش بۆ سۆراغى نەهاتووە، بۆیە تائێستا نازانن کێیە.

لەگەڵ دۆزینەوەى تەرمەکە لە دوێنێدا هەواڵەکە لاى 964 هەبوو، بەڵام بەهۆى نەبوونى زانیارى پشتڕاستکراوە، هەواڵەکە بڵاونەکرایەوە لەکاتى خۆیدا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بۆ راوەماسی چوبوون بەڵام یەکێکیان لێ خنکا

بۆ راوەماسی چوبوون بەڵام یەکێکیان لێ خنکا