ئارەزوومەندانەیە

پڕۆژەیەكی نوێی كاركردن بۆ تاكسییەكانی سلێمانی پێشنیار كرا

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

پڕۆژەیەكی كاركردن لە چەند شوێنێكی تایبەت بۆ تاكسییەكانی ناوشار لە سلێمانی پێشنیار كراوە، لە رێگەی جلوبەرگی شۆفێرەكە و لۆگۆیەكی تایبەت كە لە جامی پێشەوەی تاكسییەكە دەدرێت، دەناسرێنەوە و سەرۆكی سەندیكای شۆفێرانیش دەڵێت، “پڕۆژەیەكی ئارەزوومەندانەیە”.

پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێت، تایبەت دەبێت بە كاركردنی تاكسییەكان لە مۆڵ و تێرمیناڵ و سیتییەكان و ئێستاش هەردوو پڕۆژەی میران سیتی و بەرزاییەكانی قەیوان، خاوەنی تاكسی تایبەت بە خۆیانن.

سەبارەت بە چۆنیەتی كاركردنی تاكسییەكان، ئازاد ئەحمەد، سەرۆكی سەندیكای شۆفێران بە 964ی وت، “كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت لە رێگەی سەندیكاكەی ئەوانەوە پێشنیاری پڕۆژەیەكی كردووە، كە تاكسی تایبەت بۆ مۆڵ و سیتییەكان و هەردوو تێرمیناڵی بەغداد و شارەزوور دابین بكات، لەبەرامبەر كاركردنی تاكسییەكانیش كۆمپانیاكە مانگانە بڕە پارەیەكیان لێوەردەگیرێت، بەپێی شوێنەكە دیاریی دەكرێت كە لە 20 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات و لەهەندێك لە سیتییەكانیش دەگاتە 60 هەزار دینار”.

وتیشی، سەندیكا پڕۆژەكەی پەسەند كردووە و رەزامەندی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیشی بۆ وەرگیراوە، لۆگۆیەكی تایبەت بۆ تاكسییەكان دیزاین دەكرێت لە سەرەتای ساڵی تازەی 2025وە، بۆ ئەوەی پێی بناسرێنەوە و بێ بەرامبەریش لۆگۆكانیان پێدەدرێت.

باسی لەوەش كرد، پڕۆژەكە ئارەزوومەندانەیە و لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانە، لەبەرئەوەی تاكسییەكان تایبەت دەكرێن بە شوێنی كاركردنیان و دەناسرێنەوە، سیستمی یەكپۆشیش بۆ شۆفێری تاكسییەكان پەیڕەو دەكرێت.

لە سلێمانی 31 هەزار و چوارسەدوپەنجا تاكسی هەن، كە 28 هەزاریان تاكسی نیسان سەنی و توێتا كۆرۆلا و جۆرەكانی دیكەن، نزیكەی سێ هەزار ئەڵتیما و چوارسەد و پەنجا تاكسی سوور و سپی، كە لە ناو شاردان، رۆژانە كار دەكەن.

پێداچوونەوە؛ ئەرسەلان عەبدوڵا

سۆران.. هەر تاكسیەك لۆگۆ و كارتی زانیاری نەبێت سزا دەدر...

سۆران.. هەر تاكسیەك لۆگۆ و كارتی زانیاری نەبێت سزا دەدرێت