سەرسوڕهێنەرە
ئەحمەدی نەژاد لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو
964+
ژووری هەواڵ
مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە و بەهۆی زیرەکی یەکێک لە پاسەوانەکانیەوە لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو.
سایتی ئێران ئینتەرناشناڵ کە سایتێکی فارسی زمانەو بارەگاکەی لە لەندەنە نوسیویەتی: رۆژی 15ی ئەم مانگە مەحمود ئەحمەدی نەژاد ویستوویەتی بچێت بۆ شاری زنجان بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ماتەمینی 9ی موحەرەم، بەر لە سەفەرەکە تیمە ئەمنییەکەی ئۆتۆمبێلەکەیان پشکنیوە کە لە جۆری تۆیۆتا لاندکروزە، بەرپرسی پاسەوانەکانی بە نەژادی وتووە ئەو ئۆتۆمبێلە بەکارمەهێنە چونکە تەبریدەکەی کار ناکات، ئەویش ئۆتۆمبێلەکەی گۆڕیوە.
لە رێگای خێرای نێوان کەرەج قەزوین لە پڕ سوکان و ئیستۆپی ئۆتۆمبێلەکە لە کارکەتوون و ئۆتۆمبێلەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووەو خۆی کێشاوە بە دیوارێکی کۆنکرێتیداو دوای ئەوەش خۆی کێشاوە بە چەند ئۆتۆمبێلکێی تردا کە یەکێک لەوانە هەر لەناو کاروانەکەی نەژاددا بووە، بە هۆی ئەو رووداوەوە کەسێک بریندار بووە.
ئێران ئینتەرناشناڵ دەڵێت: بەر لە رۆژێک لەو رووداوە تیمەکەی نەژاد ئەو ئۆتۆمبێلەیان داوەتە دەست یەکەی چاککردنەوە لە سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بۆ ئەوەی تەبریدەکەی چاک بکەنەوە، بەڵام دوای ئەوان تیمێکی ئەمنی تایبەت چوون و ئۆتۆمبێلەکەیان بردووە بۆ شوێنێکی نادیار و لەوێ دەستکاری سیتەمی وەستان و ئاڕاستەکردنی ئۆتۆمبێلەکەیان کردووەو تێکیانداوە.
سایتەکە دەڵێت: تەنیا سێ دامەزراوە هەیە دەسەڵاتیان هەیە ئەو کارە بکەن، ئەوانیش بریتین لە: دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران، دامەزراوەی پارێزگاری لە هەواڵگری پاسداران، فەیلەقی وەلی ئەمر.
پێنج رۆژ دوای ئەو رووداوە نوسینگەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد یاداشتێکیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووەو سکاڵایان کردووە لە هەوڵی چەند جارەی هەندێ لایەن بۆ کوشتنی نەژاد.
شەش ساڵ پێش ئێستاش میدیا لۆکاڵییەکانی ئێران لە زاری ئەحمەدی نەژادەوە نوسیبوویان ”هەوڵەکانی تیرۆرکردن زۆر مەترسیدار بوون، کەسێک دەکوژن و هەر خۆشیان پرسەی بۆ دەگێڕن، لەبەر ئەوە زۆر دۆسێی گرنگ هەیە لە شوێنێکی پارێزراو هەڵمگرتوون”.