حکومەتی هەرێم سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا دەکات، بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە شنگال. داواش لە وڵاتانی تر دەکات چاو لە ئەڵمانیا بکەن و تاوانەکە بە جینۆساید بناسێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا.
لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی دەست تۆڕی 964+ کەوتووە تیایدا هاتووە: لیژنەکە پشتگیریی لە بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات کە بە ژمارە (20/ 5228) کە لە رۆژی 19ی کانوونی دووەمی 2023 لە بارەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی دەرچوو.
هەر لە بەیاننامەکەدا لیژنەی باڵا، سوپاسی پەرلەمان و حکومەتی ئەڵمانیا دەکات و سوپاسی ئەو وڵاتانەش دەکات کە پێشتر تاوانەکەیان بە جینۆساید ناساندووە و داواش لە وڵاتانی دیکە دەکات کە هەمان هەنگاو هەڵبگرن بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە تیرۆرستانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی و گشت پێکهاتەکان ئەنجام دراوە.
لە بەیاننامەکەدا لیژنەی باڵا پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ناساندنی تاوانەکانی داعش بە جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نیشتمانییەکانە.
لیژنەی باڵا، پشتگیریی لە گشت خاڵەکانی هاتوو لە بڕیاری ئاماژەپێدراو دەکات، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەستە بە بەدیهێنانی دادپەروەری لە رێگای دادگاییکردنی تاوانباران بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان، و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاوڵاتیان.