لە باشووری عێراق

گۆڕستانێکی منداڵان بووەتە جێگای بازرگانی مادە هۆشبەر و جادوگەرەکان

+964

پەری ساڵح

گۆڕستانێکی منداڵان لە شاری کوت لە باشووری عێراق، بووەتە جێگای ناشتنی نووشتە و بووکەڵەی جادووگەر و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان.

لە شاری کوتی عێراق گۆڕستانێکی منداڵان بەناوی “سەید ئەبوحەسەن”  کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان، بووەتە هۆی تووڕەبوونی دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک گۆڕستانەکە لە ناوچەی “ئەنوار سەدر” بەهۆی ئەوەی بووەتە شوێنی جادووگەرەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.

عەلی غەرباوی، کە یەکێکە لە دانیشتووانی ناوچەکە بۆ پەیامنێری 964 وتی، شەو گۆڕستانەکە پڕدەبێت لە جادووگەر و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، داوا دەکەین پۆلیسی بۆ دابنرێت و گۆڕستانەکە بکرێتە باخچە و دیواری بۆ دروست بکرێت.

هاوکات بەرپرسی مەزارگەکانی واست، حوسێن جەواد بۆ 964 دەڵێت، گۆڕستانەکە لە دوو بەش پێکدێت، کە یەکێکیان سەر بە مەزارگەکانی شیعەیەە و بەشێکی دیکەی سەر بە شارەوانییە و پرۆژەکە دانراوە بۆ ئەوەی چواردەوری بۆ بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم وێنانە لە گۆڕستانی منداڵان لە شاری کوت گیراون، وەک دەردەکەوێت بووکەڵە و نووشتە و دەفتەر و کەلوپەلی جادووگەرەکان لەو گۆڕستانە نێژراون،  ئێستاش شوێنی تێدا نەماوە، ئەنجومەنی پارێزگاش بەنیازە گۆڕستانێکی نوێ لە ناوچەی ئەلشوایجە لە رۆژهەڵاتی کوت دروست بکات و ئەم گۆڕستانە دابخات.