33800 پێشمەرگە مووچە لە بانک وەردەگرن

964+

پێشەوان محەمەد – سلێمانی

وەزارەتی پێشمەرگە هەژماری بانکی بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە، ژمارەی لیواکانیش زیاد دەکات. لیژنەی چاکسازییش سەرقاڵی میکانیزمێکی نوێیە بۆ هەردوو یەکەی 70 و 80.

بە مەبەستى بەئەلیکترۆنیکردن و بەسیستەمکردنى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە، بڕیار درا کە موچەى هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکان و بەپێى هەژمارى تایبەت بدرێت و ئێستا ژمارەى موچە وەرگرانى پێشمەرگە بەپێى هەژمارى تایبەتى بانک لە پێنج هەزار و 818 پێشمەرگەوە گەیشتووەتە 33 هەزار و 800 پێشمەرگە.

هاوکات هەردوو هێزی پشتیوانی (1) و (2) کە پێشتر سەر بە هەردوو یەکەی 70 و 80ـی پارتی و یەکێتی بوون، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: میلاکیان خرایەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری کە کەناڵی میدیایی فەرممی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی کانونی دووەم بڵاوی کردەوە کە لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لە 12ـی تەمموزی2020، لە کۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بڕیاریدا بە میکانیزمێکی نوێ میلاک و بوودجەی هەردوو یەکەی 70 و 80 بخاتەوە سەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لەم سێ ساڵەشدا، بۆ رێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان له‌ 14 لیواوە کراونەتە 19لیوا و میلاکی وەزارەتیش له‌ 43 هەزار و 347 پێشمەرگە بووه‌تە 60 هەزار و 16پێشمه‌رگه.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70ـی پێشمەرگە تەنها ئەوەندەی بە 964+ وت “لەگەڵ ئەو کارەداین و پێمان باشە و پشتگیریی پڕۆسەکە دەکەین”.

پەرلەمانی کوردستان چاودێریی پڕۆسەکە دەکات و دەڵێت بەردەوام دەبێت.

عوسمان کەریم، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە 964+ـی راگەیاند: ئێمە چاودێریی ئەو پڕۆسەیەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدایە.

“کارەکە قۆناغ بە قۆناغ دەکرێت، رەنگە هەندێ قۆناغی بە سستی بڕوات، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت”، عوسمان کەریم وای وت.