ژمارەیەک زەوى کە پێشتر لەلایەن شارەوانى سلێمانى دابەشکرابوون... وێنە: شارەوانى سلێمانى
ئەوەى سودمەند بوبێت نابێت پڕى بکاتەوە
رێنمایى پڕکردنەوەى فۆڕمى وەرگرتنى زەوى بۆ شارەوانییەکان نێردرا
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى، رێنمای پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی بۆ سەرجەم شارەوانییەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەى ناردووە، وتەبێژەکەشیان دەڵێت، هەر کەسێک سودمەند بووە لە وەرگرتنى زەوى مافى پڕکردنەوەى فۆڕمەکەى نییە.
ئاوات دەباخ، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى شارەوانییەکانى سلێمانى بە 964ـى وت، فۆڕمەکان سێ رێنمایى لە خۆ دەگرێت و پێویستە بە سێ نوسخە دەستنووس پڕبکرێتەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ لیژنە.
هەر بەپێى رێنماییەکان، دەبێت فەرمانبەر دوو کۆپى رەنگاورەنگى کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی لەگەڵ فۆرمەکەى هاوپێچ بکات.
بەوتەى ئاوات دەباخ، پڕکردنەوەى فۆڕمەکە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە سودمەند نەبوون لە وەرگرتنى زەوى و یەکەى نیشتەجێبوون، بەڵام وەک دەڵێت، هەر فەرمانبەرێک کە پێشتر سودمەند بووبێت و فۆڕمەکە پڕبکاتەوە، رووبەرووى رێکارى یاسایى دەکرێتەوە.
رونیشى کردەوە، جارێ نازانن ژمارەى ئەو فەرمانبەرانە چەندە کە سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوى، چونکە فۆڕمەکان دواى پڕکردنەوەیان وردبینیان بۆ دەکرێت و ئەوەى مەرجەکانى تێدا نەبێت رەتدەکرێتەوە.
بەپێى رێنماییەکان، دابەشکردنى زەوى هەموو فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ دەگرێتەوە.
لە بارەى خانەنشینانیشەوە، لە رێنماییەکەدا هاتووە کە دابەشکردنى زەویی ئەو فەرمانبەرە خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ژیاندا ماون.
رووبەری زەوی تەرخانكراو (200) مەتر دەبێت نرخی یەك مەتر پێنج هەزار دینار دەبێت لە ناوپارێزگاكان و سێ هەزار دینار دەبێت لە قەزاكان.
لە مەرجەکاندا هاتووە، پێویستە فەرمانبەر پێشتر سودمەند نەبوبێت لە وەرگرتنى خانوو و یان زەوى یان شوقەى نیشتەجێبوون.
ئەگەر ژن و مێرد فەرمانبەربوون و هەردووکیان خاڵەکانیان کۆدەکرێتەوە و زەوییەکە بەناوى ئەو کەسە دەکرێت کە خاڵى زیاترە.
لە بارەى ئەو فەرمانبەرانەى کە لە ژیاندا نەماون، بەڵام پێش مردنی مامەڵەى تەرخانکراوى زەوى هەبووە، وەرەسەکانیان مافى وەرگرتنى زەوییەکەیان هەیە.
دیلەکانى جەنگ و زیندانیانى سیاسى کە پێشتر زەویان وەرگرتووە بە سودمەند هەژمار دەکرێن.
هەر فەرمانبەرێك كە مەرجەكانی ئەم رێنماییانە دەیانگرێتەوە داواكاری و بەڵێننامەی سودمەندنەبوون پێشكەشی فەرمانگەكەی بكات لەرێگای فۆرمی تایبەتەوە.
رۆژى 31.5.2024، رێنمایی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاوكرایەوە و روونکراوەتەوە کە کێن ئەوانەى سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوی یان سودمەند نابن.