بێ ئاگان له‌ رووداوه‌كه‌

بنەماڵەی مێردمنداڵە کوژراوه‌كه‌ى سلێمانى ده‌ڵێن “چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگاین”

964+

دیلان محه‌مه‌د – سلێمانى

بنەماڵەی ئه‌و مێردمنداڵەى دوو شه‌و له‌مه‌وبه‌ر له‌ سلێمانى كوژرا، ده‌ڵێت كه‌یسه‌كه‌ له‌ دادگایه‌ و چاوه‌ڕێی بڕیارى دادگا ده‌كه‌ن.

پۆلیسى سلێمانى بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ شه‌وى 15ـى ئه‌م مانگه‌ لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیستراوه‌، كه‌‌ هێزەكانیان ده‌گه‌نه‌ شوێنه‌كه‌ ده‌بینن مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان گیانی لەدەستداوە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردبوو كه‌ دواى بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بۆیان دەركەوت كە تۆمەتبار كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ و سەرلەبەیانى رۆژى 16.7.2024 دەستگیریان کردووه‌.

شێخ ره‌ئوف محەمەد خڕنوكى، نوێنه‌رى بنه‌ماڵه‌ى مێردمنداڵه‌كه‌ به‌ 964ـى وت، ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سدا نییه‌ و بۆ كوژرانى مێردمنداڵه‌كه‌شیان چاوه‌ڕێی بڕیارى دادگا ده‌كه‌ن.

وتیشی “هه‌ركه‌سێك به‌ناوى ئێمه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ كردبێت ئێمه‌ لێی به‌رپرس نین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌سێك له‌سه‌ر كوژرانى مێردمنداڵه‌كه‌یان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌  و ده‌شڵێت “بێئاگاین له‌و رووداوه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ مێردمنداڵه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كى بۆ وه‌رزش كردن رۆیشتووه‌ و دواتریش هه‌واڵیان پێداین كه‌ كوژراوه‌”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن