سایلۆی کەلار لە دیمەنێکدا کە دەرگاکەی داخراوە- وێنە:964+:
بۆ دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست لە سایلۆی کەلار
تەنیا چوار رۆژ ماوە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری
964+
ژێوار خدر
ماوەی 15 رۆژە پڕۆسەی پيشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندن بەشێوازی گرێبەست لە سایلۆی کەلار دەستی پیکردووە، تەنیا چوار رۆژی ماوە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.
ئیدارەی گەرمیان ئاگادارییەکی لە لیژنەی تایبەت بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی سایلۆی کەلارەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا خوازیاران و دەرچووانی سنوورەکەی ئاگادار دەکەنەوە، دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی ئەو 58 فەرمانبەرەی کە بڕیارە بە شێوەی گرێبەست بۆ سایلۆی کەلار دابمەزرێن، تا کاتژمێر 8:00ی ئێوارەی رۆژی (20.7.2024) دەبێت.
لە ئاگادارییەکەی ئیدارەی گەرمیاندا هاتووە، لەو بەروارە بەدواوە پێشکەشکردن بۆ دامەزراندن رادەگیرێت و رێکارەکانی خاڵبەندیکردن بۆ پێشکەشکاران دەگیرێتەبەر.
کاروان رەئوف بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان بە 964ی وت، لەدوای تەواو بوونی پڕۆسەی پێشکەشکردن بەپێی رێژەی خاڵی کۆکراوە چەند کاندیدێک دەستنیشاندەکرێن و بانگهێشت دەکرێن بۆ چاوپێکەوتن و دواتر بەپێی شیاوییان بۆ پۆستەکان ناوی کەسانی وەرگیراو بڵاو دەکەینەوە.
سەبارەت بە کاتی چاوپێکەوتن و راگەیاندنی ناوی وەرگیراوان، بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار وتی زانیاریم نییە و هەرکات پڕۆسەکە کۆتایی هات لە رێگەی سایتی ئیدارەی گەرمیانەوە ناوەکان بڵاودەکرێنەوە.