ناحیەی تەقتەق وینە: شارەوانی تەقتەق
لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێندان
لە تەقتەق شوێنێک نییە بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک
964+
ژێوار خدر
ماوەیەکە ناحیەی تەقتەق کێشەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی هەیە، شوێنێکی گونجاویان دەست ناکەوێت بۆ فڕیدانی زبڵ و پاشماوەی ناحیەکە.
لە ماوەی رابردوودا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزارەوە سەرۆکایەتی شارەوانی ناحیەکە ئاگادار کراونەتەوە بە گواستنەوەی شوێنی مەزبەلەی گەورەی تەقتەق، بەهۆی نزیکی لە شوێنی نیشتەجیبوونی دانیشتووان، بەڵام لەبەر نەبوونی زەوی گونجاو شارەوانی ناحیەکە، ئاگاداری بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر و یەکەی ئیداری و هۆبەی کشتوکاڵ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کەچی تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.
سەباح حاجی بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق بە 964ی وت، ئێمە پیشتر لەلایەن شارەوانی تەقتەقەوە ئاگادار کراینەوە کە کەشفی شوێنێکییان بۆ بکەین بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک، ئێمەش شوێنێکمان بۆ دەستنیشان کردن بەناوی کەور دیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی زەوییەکە لە شوینی راگرتنی ئاژەلەوە نزیک بوو، ئاژەڵدارەکان سەردانییان کردین و داوایانکرد شوێنەکە بگۆڕین بەهۆی ئەوەی بۆنی سوتانی زبڵەکە کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر ئاژەڵەکان، لەبەرئەوە بڕیارماندا شوێنەکە رەت بکەینەوە.
وتیشی، ئێمە بەردەوامین لە گەڕان بەدوای شوێنێکی گونجاودا بۆ فڕێدانی پاشماوەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە پێی رێنماییەکان دەبێت شوێنەکە سێ کیلۆمەتر دووربێت لە شوێنی نیشتەجیبوونی هاوڵاتییانەوە و نابێت لەسەر هیچ زەوییەکی کشتوکاڵی بێت، نەمانتوانیوە تا ئێستا شوێنێکی گونجاو دیاری بکەین.
”دیاری کردنی شوێنی فڕیدانی زبڵ لەسەر ئێمە نییە و لەسەر شارەوانی خۆیەتی، ئەرکی ئێمە تەنیا کەشفی زەویەکانە کە بزانین ئایا زەوی کشتوکاڵین یان نا، بەڵام وەک هاوکاری بڕیارمانداوە یارمەتییان بدەین لە دیاری کردنی شوێنەکەدا.” سەباح حاجی وای وت.
964 هەوڵیدا پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانی تەقتەقەوە بکات بۆ قسە کردن لەسەر ئەو کێشەیە، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق، لە بەیانییەوە دەست دەکەن بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی شوێنی گونجاو.