دیمەنی کار کردن لە بەنداوەکە وێنە: قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ
هەوڵدەدرێت بۆ زستانی داهاتوو تەواو بکرێت
دەستکراوە بە کار کردن لە بەنداوی گوندی چاڵاو
964+
ژێوار خدر
بەنداوى گوندى چاڵاو لە چەمچەماڵ 30%ـى کارەکانى تەواو بووە و چاوەڕێ دەکرێت زستانى داهاتوو ئامادەبێت، بە تەواو بوونیشى سروشتى ناوچەکە لە رووى ئاودێرى و کشتوکاڵى قازانجێکى زۆر دەکات.
لە راگەیاندراوێکدا کە قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بڵاویکردووەتەوە، هەر یەک لە ئاری فایەق زەنگەنە بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای سلێمانی و رەمک رەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ سەردانی بەنداوی گوندی چاڵاویان کردووە لە قەزای چەمچەماڵ، کە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
بەپێی راگەیاندراوەکە، بەنداوی گوندی چاڵاو بە گوژمەی 560 ملیۆن دینار درووستدەکرێت، توانای گلدانەوەی 300 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە و %30ی کارەکانی تەواو بووە.
ماوەی تەواوبوونی بەنداوەکە 360 رۆژە و هەوڵدەدرێت بۆ زستانی داهاتوو کارەکانی تەواو بکرێن و ئاو لە بەنداوەکەدا گل بدرێتەوە.
بەتەواو بوونی بەنداوەکە دەتوانرێت لە بواری ئاودێری، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و گەشت و گوزار سودی لێ وەربگیرێ، جگەلەوەی سودێکی گەورە بە سروشتی ناوچەکە و ئاژەڵەکێوییەکان دەگەیەنێت.