"کام کاڵەکە جوان و شیرینە ئەوە دەخۆن"

کەروێشک قڕانی خستووەتە ناو کاڵەکی هەریر

+964

ئاکام غەفور-سۆران

کاڵەکی دەشتی هەریر پێگەیشتووە، کەروێشکیش دەستی نەپارستووە لە خواردنی، جوتیارانی هەریریش داد و بێدادیانە لە دەستیان و دەڵێن بێستانی ناوچەکەیانی وێران کردووە.

محەمەد تەیب، لە دەشتی هەریر کاڵەکی چاندووە، بۆ 964 دەڵێت، کەروێشک کاڵەکی نەهێشتین، هیچ ساڵێک بە قەد ئەمساڵ کەروێشک زۆر نەبووە، بەیانیان کە دێینە ناو بێستانەکەمان کاڵەکێکی زۆریان خواردووە، هەر بە بنەکەیەوە لایەکی دەخۆن و جێی دەهێڵن و زەرەرێکی زۆریان لێداوین.”

دەشلێت، کەروێشک سیفاتی وایە کامە کاڵەک زۆر جوان و شیرینە ئەوە دەخوات و کاڵەکە خراپ و بێ تامەکەش بۆ ئێمە جێدەهێڵێت.

بەهۆی گونجاوی خاکەکەی ساڵانە لە دەشتی هەریر رووبەڕێکی زۆر لە زەوی دەکرێت بە کاڵەک و ئەمساڵ نزیکەی 500 دۆنم زەوی بە کاڵەک داچێندراوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر