964+
تەمەنى 44 ساڵە
مامۆستایەک لە بەنداوى دەربەندیخان دا خنکا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە سەیرانگای بان قۆین لە بەنداوی دەربەندیخان، کەسێک کە بۆ مەلەکردن چووەتە ناو بەنداوەکە خنکاوە و تائیستاش تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە.
رووداوەکە شەوى رابردوو کاتژمێر 11:20 روویداوە
کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی دەربەندیخان بە 964ـى وت،”نزیک کاتژمێر 11:20 خولەکی شەوى رابردوو کەسێک پەیوەندی پێمەوەکرد وتی فریامانکەوە ھاوڕێیەکمان رۆیشتۆتە ناو بەنداوەکە 20 خولەکە نەھاتۆتەوە دەرەوە”.
دواى پەیوەندییەکە یەکسەر تیمى بەرگرى شارستانى دەچنە شوێنەکە، بەڵام وەک کەیوان ئەحمەد دەڵێت، تائێستا گەڕان بەدواى تەرمەیدا بەردەوامە و نەدۆزراوەتەوە.
964 دەزانێت، ئەو کەسە خنکاوە، ناوى (س، ئـ)ـە و دانیشتوى دەربەندیخانە و پیشەى مامۆستایە کە تەمەنى 44 ساڵە و لەگەڵ چەندھاوڕێیەکی بەمەستی سەیران، ئێوارەى دوێنى چووە بۆ سەیرانگاى بان قۆین لە سنوورى دەربەندیخان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح