چەند مادەیەکی بەشە خۆراک لای بریکارێکی خۆراک - وێنە: 964
"پارەیان نەبردووە"
بەهۆی بریکارەوە بەشەخۆراکی نزیکەی 26 هەزار کەس لە هەولێر راگیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و خۆراکی هەولێر دوو لیستی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی 54 بریکار پارەی بەشەخۆراکی مانگی پێنجیان بۆ نەگەڕاندووینەتەوە، بڕیاریان داوە بە راگرتنی چوونی بەشەخۆراکی مانگی شەش بۆیان”.
بە گوێرەی لیستەکە بێت، 56 بریکار ناویان هەیە، بەڵام لە تەنیشت ناوی دوو لە بریکارەکان ئاماژە بەوەکراوە “هات”، بەو پێیە بێت 54 بریکار پارەکەیان نەبردووە تا ئێستا، لیستەک بە روونی ئاماژەی ئەوەی تێدایە کە ئەو بریکارانە بەشەخۆراکی نزیکەی 26 هەزار کەس لە هەولێر لە رێگەیانەوە دابەشدەکرێ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.7.2024، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەو بریکارانەی لەو دوو لیستەی ناویان هاتووە، ئەو بریکارانەن کە تاوەکو ئێستا پارەی بەشە خۆراکی لیستی مانگی 5ی 2024 یان نەداوە کە بەشە خۆراکی سەبەتەی چوارەم دەکات و بەشەخۆراکیان بە تەواوی بۆ چووەو و تەواو بووە”.
ئێستا لە دابەشکردنی بەشە خۆراکی سەبەتەی پێنجەم بۆ مانگی شەش کێشە دروست بووە، بە قسەی بەڕێوەبەری بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر، “لە ئێستادا دەستیان کردووە بە دابەشکرنی سەبەتەی پێنجەم، بەڵام پێدانی خۆراکیان بەو بریکارانە راگرتووە و لە کۆگاکان دەمێنێتەوە و بۆیان نانێرن”.
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر، رۆژی دووشەممە و سێشەممە 15 و 16 ی 7.2024ی وەک دوا مۆڵەتە بۆ پارەدان و وەرگرتنەوەی لیست دیاری کردووە، ئەوە لە کاتێکدا بریکارەکان بۆ هەر کەسێک بڕى 350 دینار دەدەن بە بەڕێوەبەرایەتى بازرگانى، لە بەرامبەردا 500 دینار لە هەر هاوڵاتییەک وەردەگرن کە بەشەخۆراکى پێدەدەن.
ناوی بریکارەکان کە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و خۆراکی هەولێر بڵاویکردووەتەوە؛