10 رۆژ مۆڵەت بۆ وێستگەی هەڵمەکەی خەبات دانراوە

 964+

سەعید محەمەد – هەولێر

پاککەرەوەی پاشماوەکانی وێستگەی هەڵمی 300 مێگاواتی کارەبای خەبات لە هەولێر لەکارکەوتووە، بەوهۆیەوە وێستگەکە دووکەڵێکی ژەهراوی دەردەدات و بووەتە جێگەی نیگەرانی خەڵکی قەزاکە و پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە.

کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە تۆڕی 964ی راگەیاند، نزیکەی سێ مانگە فیلتەری وێستگەی هەڵمی کارەبای خەبات لەکارکەوتووە و دووکەڵی پیس ژینگەی خەباتی شێواندووە.

وتیشی، دوێنی یەکشەممە لیژنەیەکی تایبەت لە قایمقامیەتی خەبات و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سەردانی وێستگەکەیان کرد، مۆڵەتی 10 رۆژ بە وێستگەکە دراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دووکەڵە پیسە.

وێستگەکە لە ساڵی 2020 بەگەڕخراوە و لەگەڵ پاڵاوگەی كار كە لە تەنیشت وێستگەكەیە بەستراوەتەوە و لە رێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاو وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنێت.

ئەردەڵان کاوێز، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای خەبات، بە 964+ی وت، ئەم وێستگەیە وەزارەتی کارەبا سەرپەرشتی “دەکات و پەیوەندی بە ئەوان نییە، “بەڵام راستە ژینگەی ناوچەکەی پیس کردووە.

ئاسۆ شکاک، سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیار ژینگەیی بە 964ی راگەیاند، تیمێک لە فەرمانگەی ژینگە سەردانی وێستگە و ناوچەکەی کردووە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کۆبووتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دووکەڵە.