"پەکەکە لە بارهەڵگرێکی تورکیای داوە"
شەری پەکەکە و تورکیا بۆ ماوەیەک بووە هۆی داخرانی رێگایەکی سەرەکی
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
کەمێک پێش ئێستا لە گوندی کوانێ، لەسەر رێگای سەرەکی ئامێدی بۆ ناحیەی دێرەلۆک، بارهەڵگرێکی سوپای تورکیا کرایە ئامانج.
وارهێل مێرستەکی، هاوڵاتیەکی گوندی کوانێیە، چەند گرتە ڤیدیویەکی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، لەسەر رێگا سەرەکییەکە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و دەنگێکی بەهێزیان بیستووە و بینیویانە بارهەڵگرێک لەسەر رێگا گڕیگرتووە.
وتیشی، زەویی گوندەکەیان دەسوتێت و بەهۆی بەردەوامی شەڕی تورکیا و پەکەکە ناتوانن کۆنترۆڵیبکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـى وت، لە هێرشێکی پەکەکەدا بارهەڵگری سوپای تورکیا کراوەتە ئامانج و بۆ ماوەی نزیکەی 40 خولەک رێگای سەرەکی ئامێدی بۆ ناحیەکانی دێرەلوک و شێلادزێ داخراوە.
وتیشی، لەکاتی رووداوەکەدا هێزە ئەمنییەکان بازگەیان داناوە و هاتوچۆ قەدەغەکراوە، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و شەڕەتەقەی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیا.
گوندی کوانێ دوو کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای ئامێدیە دوورە و نزیکەی 100 ماڵ تێیدا دەژین.
پێداچوونەوە: هاوبەش