رێکخراوی فاو زانیارییەکەی داوە
کشتوکاڵی سلێمانی: پێمان وتراوە سلێمانی زۆرترین تۆوی رووەکی تێدایە لەسەر ئاستی جیهان
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆوی 40 هەزار رووەکی جۆراوجۆر هەیە، ئەوە قسەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانییە و دەشڵێت، رێکخراوی فاو ئەو زانیارییەی پێداون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ رێکخراوی فاو سەرقاڵی دروستکردنی شوێنێکن بەناوی “جیم بانک” کە هەموو جۆرە رووەکەکانی تێدا هەڵبگرن بە مەبەستی پاراستنیان.
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە 964ـی رایگەیاند، پارێزگای سلێمانی زۆر دەوڵەمەندە بە تۆوی رووەک و وەک ئەوەی پێیان وتراوە 40 هەزار تۆوی رووەک لەو پارێزگایە بوونی هەیە.
وتیشی، “رێکخراوەکە بوودجەیەکی دابین کردووە لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی جیم بانکێک دروست دەکەین و سەرجەم ئەو تۆوانەی تێدا هەڵدەگیرێن و دەپارێزرێن”.
لە نزیک هەواری شار بەڕێوەبەرایەتییەکە بانکێکی دیکەی رووەکی هەیە و 840 جۆر داری تێدایە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی وتیشی، “وەک ئەوەی بە ئێمە وتراوە لە هیچ شوێنێکی دونیا هێندەی سلێمانی تۆوی رووەکی بوونی نییە و باشترین وڵاتی دونیا لەو رووەوە 30 هەزار یان شتێک زیاتر تۆوی رووەکی جۆراوجۆری هەیە و سلێمانی 40 هەزار جۆری هەیە”.
ئاماژەی بەوەشدا، دروستکردنی جیم بانک لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی