دوکەڵ بەرز دەبێتەوە و بریندار هەیە

گولـلە تۆپێک لە خوارووی سەرگەلێ داویەتی بەزەویدا

964+

ژووری هەواڵ

لە خوارووی گوندی سەرگەلێی ئامێدی گولـلە تۆپێک کەوتووتە خوارەوە، بەڵام هێشتا یەکلانەبووەتەوە بەر کوێ کەوتووە، ئەوەی تائێستا روونە ئەوەیە بریندارێک هەیە.

چەند شایەتحاڵێک سێ ڤیدیۆیان بۆ 964 ناردووە کە تێیدا لەسەر تەپۆڵکەیەک دووکەڵ بەرز دەبێتەوە، ئەوانەی ڤیدیۆکانیان نارد دەڵێن گولـلە تۆپێکە و لە نزیک سەنگەرێکی پێشمەرگە بەر زەوی کەوتووە.

لە بەیانییەوە نزیک گوندەکانی دەوری ئامێدی دەنگی تەق و تۆقێکی زۆر دێت، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن پەکەکە و سوپای تورکیا لەو ناوە رووبەرووی یەکتر بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ناوچەکە بە 964ی وت ”راستە گولـلە تۆپێک لە نزیک نوقتەکەی پێشمەرگە کەوتووە و کەسێک بریندارە”.

تاقە بریندارێک چووەتە نەخۆشخانەی ئامێدی، بەڵام پێشمەرگە نییە، ئەمە تەندروستی ئامێدی وادەڵێت.

مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە 964ی وت ”بەڵێ بریندارێکمان بۆ هاتووە، بەڵام مەدەنییە و پێشمەرگە نییە، شۆفێری بارهەڵگرە و لەو ناوە بووە و بریندار بووە”.

ئەو تەپۆڵکەیە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت سەنگەری پێشمەرگەی بەسەرەوەیە و کەمێک دوورە لە شەقامی سەرەکیی ناحیەکانی دێرەلووک و شیلادزێ، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن لەو دەوروبەرە بنکەی سوپای تورکیاش هەیە.

964 تائێستا نازانێت ئەو گولـلە تۆپەی باس دەکرێت لە کوێوە ئاڕاستەکراوە و کێ تەقاندوویەتی.

لە بەیانییەوە بۆردومانکردنی چیای مەتینا بەردەوامە

لە بەیانییەوە بۆردومانکردنی چیای مەتینا بەردەوامە