بەناچارى دەچنە کەرکوک
لە خورماتوو مردن زۆرە و پزیشکى دادى لێ نییە
964+
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
لەگەڵ ئەوەى شارێکى گەورەیە و بەهۆى ئەوەش کە دەکەوێتە سەر رێگەى کەرکوک بۆ بەغدا رێژەى مردن تێیدا زۆرە، بەڵام لە دوزخورماتوو پەیمانگەى پزیشکى دادى نییە و بەڕێوەبەرى تەندروستیش دەڵێت، هەموو شتێکمان ئامادەیە.
ئەحمەد عەلى، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـى وت، لەرابردوودا پزیشکی داد لە خورماتوو ھەبوو، بەڵام بە بریارێکی وەزیری تەندروستی عێراق پزیشکی داد لەنێو قەزاکانەوە گواسترایەوە بۆ ناوەندی پارێزگا.
دەشڵێت: ئەو بڕیارە فشارێکى زۆرى خستووەتە سەرشانمان و چەندین جار نوسراومان ئاراستەی وەزیری تەندروستی کردووە و پەرلەمانتارانیش هەوڵیانداوە، بەڵام هەمووى بێ سوود بووە.
“لەبەر ئەوەى خورماتوو شارێکى گەورەیە و دەکەوێتە سەر رێگەى کەرکوک بۆ بەغدا، بەردەوام رووداوى هاتوچۆ و ئەمنى تێیدا روودەدات، بۆیە حاڵەتى گیانلەدەستدان و کوشتنى زۆرى تێدایە و پێویستە پزیشکى دادى هەبێت”، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتى خورماتوو واى وت.
ئێستا بۆ توێکارى تەرمى هەر حاڵەتێک دەبێت لە خورماتووەوە بنێردرێن بۆ کەرکوکن ئەوەش ئاستەنگى هاتوچۆى بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، ئەحمەد عەلیش دەڵێت، هەموو شتێکیان ئامادەیە تەنیا پێویستیان بە بڕیارى وەزیرى تەندروستییە.
پێداچونەوە: وریا فتاح