كێشەی وەستانیان چی بوو؟

فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی رانیە دەستی بە كار كردەوە

+964

ژێوار خدر

مامەڵەی هاوڵاتیان لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی رانیە ماوەی پێنج رۆژ بوو بەهۆی کێشەی پەیوەندی و سیستم لە بەغداوە وەستابوو، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە 7.7.2024 فەرمانگەكە رایگەیاند کێشەکەیان چارەسەر کراوە و هاوڵاتیان دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.

لە ئاگادارییەکەی فەرمانگەی کارتی نیشتمانی راپەڕیندا هاتووە، ئەو هاوڵاتییانەی کە لە هەفتەی رابردوودا سەرەیان بووە و نەتوانراوە مامەڵەکانیان تەواو بکرێت، پێویستە لەم هەفتەیەدا بە پێی خشتەیەک کە بڵاویان کردووەتەوە، سەردانیان بکەن بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان.

بەپێی خشتەکە ئەو هاوڵاتییانەی لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو سەردانی فەرمانگەکەیان کردووە، رۆژی یەکشەممە و ئەوانەی رۆژی دووشەممەی رابردوو بۆ ئەم دووشەممەیە و ئەوانەشی کە لە سێشەممەی رابردوودا سەردانیان کردووە بۆ ئەم سێشەممەیە سەردانی فەرمانگەکە بکەن.

فەرمانگەکە داواش لە هاوڵاتیان دەکات، کە لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی لە فەرمانگەکە ئامادەبن و هەر هاوڵاتییەک پێویستە لە سەرەی خۆیدا لە فەرمانگەکە بێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە کاتی خۆیدا و بێ کێشە مامەڵەکان رایی بکەن و قەرەباڵغی دروست نەبێت.

بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی پێویستت بە چییە؟

بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی پێویستت بە چییە؟