بەڕێوەبەرێک: ناتوانین هاوکارییان بکەین

لە گوندێکی دهۆک 150 پارچە زەوی لە بەردەم مەترسی وشکبووندان

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە گوندی گوهەرزێ مەترسی وشکبوونی 150 پارچە زەوی هەیە، موختاری گوندەکەش دەڵێت، “دوو هەفتەیە ئاو بە جۆگەکانی ئاودێریدا نەهاتووە”.

زۆربەی گوندەکانی سنووری ناحیەی دێرەلووک بە کشتوکاڵ و چاندنی بەرهەمەکانی، تەماتە، خەیار، برنج، کونجی، شووتی، باینجان  و کولەکە، بەناوبانگن و بژێوی و ژیانی دانیشتووانەکانیان لەسەر کشتوکاڵە، بەڵام لە گوندی گوهەرزێ دوو هەفتەیەکە ئاو بۆ جۆگە ئاودێرییەکان کەمبووەتەوە و مەترسی لەسەر زەوییەکان دروست کردووە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7.7.2024. ئەحمەد سەعدوڵا، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ـی وت، “مەترسی وشکبوون لەسەر 150 پارچە زەوی گوندەکەمان هەیە، دوو هەفتەیە ئاو بۆ جۆگە ئاودێرییەکان نەهاتووە و جۆگەکان نزیکن لە وشکبوونی تەواوەتی”.

ئەوەشی وت، “بە ناجاری جوتیارەکان، ئاو بە تانکەر دەگوازنەوە بۆ هەندێک لە زەوییەکان، بەڵام ئەگەر چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام بێت، زەوییەکان بە تەواوی وشک دەبن،  داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین چارەسەرێک بۆ کێشەکەمان بدۆزنەوە”.

بۆتان ئامێدی، بەڕێوەبەری ئاودێریی قەزای ئامێدی بە 964ـى وت، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن، باسی لەوەش کرد، “راستە، ئاوی گوندەکە کەم بووەتەوە پێشتر ئاو لە ژێر گەلیێ سەرگەلێ بۆیان دەچوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوامی شەڕ و سووتانی چەند ناوچەیەک ناتوانین لەو ناوچانە نزیک ببینەوە”.

بەڕێوەبەرەکەی ئاودێریی ئامێدی دەشڵێت، “بەهۆی چەند هۆکارێک و زۆر بەرد و پووش و پەلاش، ئاوی ئەو زەوییانە کەمبووە و لە هەندێک زەویش پچڕاوە، لەم ماوەیەشدا ناتوانین سەردانیان بکەین و لایەنی پەیوەندیدار لە قایمقامیەت و پارێزگای دهۆک ئاگادار دەکەینەوە”.

گوندی گوهەرزێ سەر بە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی و نزیکەی 180 ماڵ تێیدا دەژین.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لە گوندی سەرگەلێ زیاتر لە 500 دۆنم زەوی سووتاوە و ئاگرەک...

لە گوندی سەرگەلێ زیاتر لە 500 دۆنم زەوی سووتاوە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە

تەنێکی نامۆ لە سەربانی ماڵێکی گوندی گوهەرزێ کەوتە خوار...

تەنێکی نامۆ لە سەربانی ماڵێکی گوندی گوهەرزێ کەوتە خوارەوە