شەش تیم سەرقاڵی گەڕانن

تەرمی ئەو منداڵەی لە بێخاڵ خنکا بێ سەروشوێنە

+964

ئاکام غەفور-سۆران

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ مندالێکی تەمەن دوو سا‌ڵ لە بێخاڵ کەوتە ناو ئاو و خنکا، منداڵەکە ناوی “د. گ”ـە و خەڵکی هەولێرە، زیاتر لە دوو کاتژمێرە  تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی گەڕانن بە دوای دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە، بەڵام لە شوێنەکە بەربەست هەیە و گەڕان قورسە، بەرگریی شارستانیش دەلێت، تەرمەکە بچووکە و دۆزینەوەی قورسە.

بەپێی زانیارییەکانی 964 هەر لە سەیرانگای بێخاڵ مانگێک پێش ئێستا لە 7.6.2024 منداڵێکی تەمەن چوار سال کەوتە ئاو و خنکا، بەمەش دوو منداڵ لە ماوەی مانگێک لەو سەیرانگەیەدا خنکاون.

لە شوێنی رووداوەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، کاروان میراودەلی قسەی بۆ 964 کرد و وتی، منداڵەکە لای باوکی بووە  و دوای ئەوەی لە دەستی ئەکەوێتە ئاوەکە، ئاو دەیبات و ناتوانن بیگرنەوە.

دەشڵێت، بە شەش تیم سەرقاڵی گەڕانین بە دوای تەرمی منداڵەکە.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران باس لەوەش دەکات، تەواوی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لە سنوورەکەیاندا خنکاون، لە گەشتیارانن و بە مەبەستی گەشت کردن روویان لە ناوچەکە کردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران حەوت کەس لە  رووبارەکاندا خنکاون، کە پێنچیان منداڵ بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

منداڵێک لە بێخاڵ خنکا و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە

منداڵێک لە بێخاڵ خنکا و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە