سەربڕین دەستى پێکردەوە

 کوشتارگەى سلێمانى کرایەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا

کێشەی قەسابەکانی کوشتارگەى سلێمانی چارەسەرکرا و ئەمڕۆ کوشتارگەکە کرایەوە و کارەکانی ئەو کۆمپانیایەی پشکنینی بۆ گۆشت دەکرد راگیراوە.

دکتۆر. تارق عەلی پزیشکی ڤێتێرنەری لە کوشتارگەی سلێمانی بە 964ـى وت، ئەمڕۆ کێشەی قەسابەکان چارسەرکراوە و ئاژەڵ براوەتە کوشتارگە و کوشتار کراوە.

باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ کارەکان وەک پێشتری لێهاتوەتەوە و کوشتار دەستی پێکردوە، ئەوەی دوێنێ روویدا رێکارێکی کارگێڕی و ئەمڕۆ چارەسەر کرا.

“هەمو ساڵێک دوای جەژنی قوربان ریژەی کوشتار بۆ نزیکەی مانگێک کەمدەبێتەوە، بەهۆی ئەوەى لە جەژنی قوربان هاوڵاتیان گۆشتیان بۆ چووە”، تارق عەلى واى وت.

ئاسۆ عومەر وتەبێژی قەسابەکانی سلێمانی بە 964ـى وت، دوێنێ قسەیان لەگەڵ ڤێتێرنەری و قائیمقامییەت کردوە و کارەکانی ئەو کۆمپانیایەیان راگرتوە.

باسی لەوەکرد، ئێستا یەک جار پشکنین بۆ گوشت دەکرێت و ئاژەڵی بچوک شەش هەزار دینارە و ئاژەڵی گەورە 30 هەزار دینارە.

کوشتارگەکە بۆچى داخرا؟

دوێنێ کوشتارگەى سلێمانى داخرا و قەسابەکان کوشتاریان ئەنجام نەدا، هۆکارەکەش ئەوە بوو کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت کە مۆڵەتى حکومەت و وەزارەتى تەندروستى هەیە، بۆ هەر ئاژەڵێک کە لەسەربڕخانەکە سەردەبڕدرێت خوێنەکەى وەک سامپڵ وەردەگرێت و پشکنینى بۆ دەکات و لەبەرامبەر ئەو کارەش بڕى دوو هەزار دینار لە قەسابەکان وەردەگرێت، قەسابەکانیش دژى ئەوە بوون و بەهۆیەوە کوشتاریان راگرت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

کوشتارگەى سلێمانى داخرا

کوشتارگەى سلێمانى داخرا