مەلەکردن لە زێی بچووک مەترسی دروست کردووە

لە قەڵادزێ هیچ مەلەوانگەیەک بوونی نییە

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

تا ئێستا لە سەنتەری شاری قەڵادزێدا هیچ مەلەوانگەیەک بوونی نییە، بەهۆی ئەوەشەوە بەشێک لە هاوڵاتیان پەنا بۆ زێی بچوک دەبەن، زۆر جار رووداوی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوە، شارەوانی قەڵادزێش دەڵێت، دروستکردنی مەلەوانگە ئەرکی حکومەت نییە، هەرکەسێک مەبەستی بێت درووستی بکات، ئەوان هاوکاری دەبن.

ئارام محەمەد سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بە 964ـی وت، ”هۆکاری نەبوونی مەلەوانگە لە ناو شاری قەڵادزێ ئەوەیە، ئەرکی حکومەت نییەو ئەرکی کەرتی تایبەتە، سەرمایەداران لە سنووری ئێمەدا ئامادە نەبوون تا ئێستاش درووستی بکەن، لەبەر ئەوەی دەڵێن زێی بچوک لێیانەوە نزیکە و هاوڵاتیان رووی تێناکەن و قازانج ناکەن و پارەکانیان خەرج ناکەن، بۆیە لە ناوچەکانی دیکە وەبەرهێنان دەکەن.

وتیشی، سەرۆکی شارەوانی روونی کردەوە، لە رابردوودا یەک کەس هەوڵی دروستکردنی مەلەوانگەیەکی داوە، ئێمە وەکو شارەوانی زەویشمان بۆدابین کرد بەڵام دواتر کارەکەی ئەنجام نەداوە، لەدوای ئەو کەسە بە ئێستاشەوە هیچ کەسی دیکە هەوڵی دروستکردنی مەلەوانگەی نەداوە.

لە ناوچەکانی دیکەش حکومەت، مەلەوانگەی دروست نەکردووە، ئەرکی کەرتی تایبەتە و دەبێت سەرمایەداران دروستی بکەن، هەر پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت لە سوودی هاوڵاتیاندا بێت، ئێمە هاوکاری دەبین، زەوی بۆ دابین دەکەین بەپێی پێویست، ئارام محەمەد وای وت.

قەزای قەڵادزێ سەربە ئیدارەی راپەڕینە و ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی قەزای پشدەر لە ساڵی 2020ـدا گەشتووەتە 89 هەزار کەس.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

رێگای قەڵادزێ بۆ دارشمانە نۆژەندەکرێتەوە

رێگای قەڵادزێ بۆ دارشمانە نۆژەندەکرێتەوە