لە سایلۆى سەیدسادق

ئەمڕۆ و سبەینێ گەنم لە جوتیاران وەرناگیرێت

964+

وریا فەتاح

بەهۆى نەبوونى جێگا، ئەمڕۆ و سبەینێ گەنمى جوتیاران لە سایلۆى سەیدسادق وەرناگیرێت.

سایلۆى سەیدسادق بڕى 35 هەزار تۆن گەنمى بۆ دیاریکراوە کە لە جوتیارانى وەربگرێت، بەڵام تا ئەمڕۆ 25 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیاران وەرگرتووە

سەرچاوەیەکى فەرمى لە سایلۆکە کە لە ترسى سزادان نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لە سایلۆ شوێن نەماوە بۆیە ئەمڕۆ و سبەینێ وەرگرتنى گەنممان لە جوتیاران راگرتووە، بەڵام دواتر دەست دەکەینەوە بە وەرگرتنى گەنم”.

ئەو سەرچاوەیە باسى لەوەکرد، تائەمڕۆ 25 هەزار تۆنیان لە کۆى ئەو 35 هەزار تۆنە وەرگرتووە، کە لەلایەن بەغداوە بۆیان دیاریکراوە.

پێشبینیش دەکات ماوەى وەرگرتنى گەنم لە جوتیاران درێژبکرێتەوە، چونکە وەک دەڵێت،”ئەو ماوەیەى ماوە کەمە و رەنگە جوتیاران نەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن، ئەگەر ماوەى وەرگرتن درێژ نەکرێتەوە”.

بۆ هەر دۆنمێک زەوى بە گەنم چێنراو، جوتیارانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى 237 کیلۆ گەنمیان لێ وەردەگیرێت.

بۆ ئەمساڵ، لە سەرجەم هەرێمى کوردستان 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت لەو ژمارەیە 43%ـى بەر پارێزگاى سلێمانى دەکەوێت.

ئەو بڕە گەنمەى لە جوتیاران وەردەگیرێت کەمە، چونکە بەپێى ئامارى کشتوکاڵى عەربەت کە لە پێشوتردا داویەتى بە 964، بڕشت بەلای کەمەوە 400 بۆ 500 کیلۆگرامە بۆ هەر دۆنمێک زەوى.

ساڵى رابردوو بۆ هەر دۆنمێک بڕى 178 کیلۆ گەنم لە جوتیاران وەردەگیرا.

جوتیارانى عەربەت ئاگادار دەکرێنەوە

جوتیارانى عەربەت ئاگادار دەکرێنەوە