“ئەگەری ئاگرەکە دیار نییە”

ئاگری گوندەکانی بەردەڕەش دوای هەشت کاتژمێر کۆنترۆڵ کرا

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

دوای هەشت كاتژمێر و بە پێنج تیمی بەرگریی شارستانی، دواجار ئاگرەكەی دەشتی گوندی بەنێنان كۆنتڕۆڵ كرا.

درەنگانی شەوی رابردوو ئاگرێک لە دەشتی گوندی بەنێنان سەر بە ناحیەی دارەتووی قەزای بەردەڕەش كەوتەوە، دواتر تەشەنەی کرد و ئاگرەکە زۆر گەورەبوو و لەدەست دەرچوو، تیمەكانی بەرگریی شارستانی بە زەحمەت توانیان كۆنتڕۆڵی بكەن.

ئاگرەکە بەهۆی ئەوەی بایەكی بەهێز هەڵیكردبوو، ناوچەکەی گرتەوە، دواجار بە پێنج تیمی بەرگریی شارستانی ئینجا توانیان کۆنتڕۆڵی بکەن.

هشیار عەبدوڵا جەمیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش بە 964ی وت، ئاگرەكە شەوی رابردوو لە چەند گوندێكی سنووری ناحیەی دارەتووی سەر بە قەزای بەردەڕەش کەوتەوە و دەشتی گوندەکانی هەموو سووتاند، بەهۆی ئەوەی لەهەمان کاتدا بایەکی بەهێز هەبوو، کۆنتڕۆڵکردنی زۆر ئەستەم بوو، بەڵام دواجار توانرا دوای هەشت کاتژمێر کۆنتڕۆڵ بکرێت.

وتیشی، پێنج تیم لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەكە بەشداربوون، دوو تیم لە بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش، تیمی کەڵەک، تیمی گەویلان، تیمی ناحیەی دارەتوو.

“ئاگرەکە کاتژمێر 5:30 بەیانی بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا، تا ئێستا زانیاریی ئەوەمان بەدەست نەگەیشتووە چەند زیانی هەبووە، چونكە زۆربەی پووش و پاوان بووە، بەڵام سنوورێکی یەکجار فراوان بوو، نازانین بە وردی سنووری چەند گوندی گرتووەتەوە، چونکە شەو بوو، هەمووی دۆڵ بوو و هیچی دیارنەبوو”، هشیار عەبدوڵا جەمیل وای وت.

بەپێی زانیارییەكانی 964 تا ئێستا ئەوەی دیارە ئاگرەكە سنووری پێنج گوندی گرتەوە، ئەوانیش گوندەكانی “بەنێنان، مۆریلان، خەندەک، بیۆک، شێخ زێد”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرەکەی دۆلی ئالانە کۆنتڕۆڵکرا

ئاگرەکەی دۆلی ئالانە کۆنتڕۆڵکرا