ڤیدیۆی تایبەت: جموجۆڵی سوپای تورکیا

ئۆتۆمبێلی سەربازی تورکیا لە دەروازەی ئامێدی بینراون

+964

ژووری هەواڵ

لە دەروازەی ئامێدی چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی نامۆ بینراوە، خەڵکی شارەکە دەڵێن ئەوە ئۆتۆمبێلی سوپای تورکیایە و شەوی رابردوو تا دەروازەی ئامێدی هاتوون و گەڕاونەتەوە.

دەوروبەری کاتژمێر (2:30)ی نیوەشەوی رابردوو لە دەروازەی ئامێدی، پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی دەرکەوتوون، یەکێکیان لە کرێن دەچێت و چوارەکەی دیکەش زرێپۆش، ئۆتۆمبێلەکان دەگەنەوە دەروازەی شارەکە و دواتر بە رێگایەکی تردا دەسووڕێنەوە.

خەڵکی ناوچەکە ڤیدیۆی ئەم جموجۆڵەیان تۆمارکردووە، 964 ڤیدیۆیەکی دەستکەوتووە کە لەسەر پردی دەروازەی شارەوە گیراوە، ئەو پردە دەچێتەوە سەر دێرەلووک و شیلادزێ.

ئەم زانیارییە بەرپرسانی قەزاکە رەتی دەکەنەوە، وارشین سه‌لمان قایمقامی قەزای ئامێدی، بۆ 964 ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ هیچ تانك و سه‌ربازێكی توركی له‌ناو سه‌نته‌رى قه‌زاكه‌یدا هه‌بێت، وتیشی “ئه‌وه‌ى باس ده‌كرێت قسه‌ى خه‌ڵكه‌ و دووره‌ له‌راستییه‌وه‌”.

شەوی رابردوو جمجۆڵی سوپای تورکیا لە دەوروبەری ئامێدی زۆر بوو، بە چڕی چەند گوندێکی ئەو دەوروبەرە و چەند ناوچەیەکی تری کوردستانیش بۆردومان کرا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند 37 ئامانجیان پێکاوە.

هەر لە ئامێدی نەبوو، بەڵکو بە چڕی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان لە گوندی سەرگەلێ دەبینرا، خەڵکی ناوچەکە خۆیان ڤیدیۆکانیان بۆ 964 ناردووە، لەبەر ئەوەی لە سناپچاتەوە هاتوون، بۆیە کات و شوێنیان لەسەر دیاریکراوە.

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن لە دەوروبەری کاتژمێر 2:45 جموجۆڵەکان زۆر بوون، سوپای تورکیا دەڵێت لەو ناوچانە جموجۆڵی پەکەکە هەیە، بۆیە هاتوونەتە ناوەوە.

هەفتەی پێشووش 964 بڵاویکردەوە کە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای تورکیا لەناو گوندی دەرگەلێدان و بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە چۆڵیان کردووە، سەربازەکانیش بازگەیان داناوە و داوای ناسنامە لە خەڵک دەکەن.

گوندی دەرگەلێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری قەزای ئامێدییە.

ماوەی چەند رۆژێکە دەوروبەرى گوندى دەرگەلێ بۆردومان دەکرێت، جگە لە گوندى دەرگەلێ دانیشتوانى گوندى کانى بازێ ناوێرن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

حوسێن بازی، موختاری گوندی بازی لە دەڤەری بەرواری بە 964ـى وت ”ئێمە ئێستا لە گوندەکەین، بەڵام لە دەوروبەری گوندەکە بۆردومان هەیە، بەو هۆیەوە دانیشتووانى گوندەکە لەماڵ نایەنە دەرەوە و ناوچە گەشتیارییەکانیش چۆڵکراون”.

کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)رۆژی 28ی حوزەیران بە 964ـى وت ”دوێنێ بەیانی، سەربازانی سوپای تورکیا لە بازگەی تورکیا لە رێگەی (کانی بەلاڤێ)وە چوون بۆ ناو گوندی دەرگەلێ میسا بەگی لە بناری چیای مەتینا لە ناحیەی کانی ماسێ و بە دانیشتووانی گوندەکەیان وتووە، کە ئەگەر لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا گوندەکە چۆڵنەکەن، ئەوا بە هێز پێتان چۆڵدەکەین و گوندەکە بۆردومان دەکەین”.

بە قسەى دانیشتوویەکى گوندەکە، سوپاى تورکیا هەم بە نامە و هەم بە زارەکى وەک جۆرێک لە هەڕەشە پێیان وتوون کە دەبێت گوندەکە چۆڵ بکەن.

پێشتر 964 بڵاوى کردبووەوە کە سوپاى تورکیا لە دەڤەرى بەروارى باڵا بە درێژاى نۆ کیلۆمەتر، تۆڕێکى نوێى رێگای سەربازى دروست دەکات.

رێگاکە نۆ کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتر بە تۆڕێکی تری رێگاوبانی سەربازی سوپای تورکیا لە قەزای باتیفا و ناوچەی هەفتانین لە قەزای زاخۆ پەیوەست دەکرێت و دواتر بۆ ناو خاکی باکووری کوردستان لە پارێزگای هەکاری درێژدەبێتەوە.

سوپای تورکیا لە 23ـى 4ـى 2021ـەوە، ئۆپەراسیۆنی ”چنگی هەورەبروسکە”ی راگەیاندووە و ئەوکات لە ماوەی یەک هەفتەدا چوار بارەگای سەربازی لە گوندەکانی ناحیەی کانی ماسێ دروستکرد، بەپێى قسەى ئەندامەکەى رێکخراوى (CPT)، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، تورکیا لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەو بارەگایانەی دابین دەکرد، بەڵام لە دوای تەواوکردنی ئەو رێگا سەربازییە، چیتر تورکیا پێویستی بە هێلیکۆپتەر نابێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان و ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا.

وەک ئەوەى کامەران مەلا عوسمان باسى دەکات، دواى دروستکردنى ئەو رێگا سەربازییانە، جارێکیتر گێڕانەوەی ئەو گوند و شاخ و چیا و دۆڵانەش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەستەمتر دەبێت.

پڕۆژەى دروستکردنى بنکە و بارەگاى سەربازى تورکیا لە خاکى هەرێمى کوردستان، لە کۆتا مانگى ساڵى 2017ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لە دواى ناوەڕاستى ساڵى 2022 واتا دواى دروستکردنى 64 بنکە و بارەگاى سەربازى نوێ، پڕۆژەکە وەستێنرا.

تیمەکانى دروستکەرى ئاشتى کۆمەڵگە (CPT)، رێکخراوێکى ئەمەریکى بەرفراوانە و لە چەندین وڵات تیمى هەیە، لە هەرێمى کوردستانیش تیمەکەیان کاردەکات لە بوارى بە دۆکیۆمێنتکردنى هێرشەکانى تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکى هەرێم.