سامانی ئاژەڵی سلێمانی

رووپێویی حەوزە بێمۆڵەتەکانی ماسی دەکرێت

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

سامانی ئاژەڵی سلێمانی دەیەوێ رووپێوی حەوزە بێمۆڵەتەکانی ماسی بکات و دەڵێت، ئەو حەوزانە زیانی زۆریان بە سامانی ماسی گەیاندووە لە سنوورەکە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵی سلێمانی، کە بە 964 دراوە، نزیکەی دوو هەزار حەوزی ماسی بێمۆڵەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن.

جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئاگاداری بەرهەمی حەوزە بێمۆڵەتەکان نین، بەڵام بەرهەمی ساڵانەی حەوزە مۆڵەتدراوەکانیان 300 هەزار تۆنی ساڵانەیە.

وتیشی، “51 پڕۆژەی مۆڵەتپێدراوی ماسیمان هەیە، دەیانجار نووسراومان کردووە بۆ مەترسیی حەوزە بێمۆڵەتەکان و کاریگەرییان لەسەر تێکدانی سامانی ماسی بەڵام تا ئێستا کار دەکەن”.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، پارێزگای سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 18 بۆ 19  تۆن ماسی هەیە و بەهۆی کەمیی بەرهەمی ناوخۆوە رێگا بە هاوردەکردنی ماسی بەستوو، فرێش و زیندوو دەدرێت بهێندرێتە هەرێمەوە.

جەمال حوسێن وتیشی، “دەمانەوێت بەسەر حەوزە بێمۆڵەتەکاندا بگەڕێین و ئەو حەوزانەی مەرجەکانیان تێدایە مۆڵەتیان بدەینێ”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە خانەقین نرخی ماسی دوو هێندە بەرزبووەتەوە 

لە خانەقین نرخی ماسی دوو هێندە بەرزبووەتەوە