25 تۆن کەرەستە دەستیبەسەردا گیراون
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زاخۆ 150 شوێنی بازرگانی سزادراون و 25 تۆن کەرەستەى نەشیاویش دەستیانبەسەردا گیراوە.
لیژنەکانی چاودێریی بازار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە پێکدێن هەر یەک لە تەندروستی، ئاسایش و قایمقامیەتی زاخۆ، رۆژانە سەردانی بازاڕ و شوێنە بازرگانی و نەخوشخانە ئەهلییەکان دەکەن بە مەبەستی نەهێشتنی سەرپێچی و قۆرخکاری و فروشتنی کەرەستەی ماوەبەسەرچوو.
لە شەش مانگی رابردوودا، لیژنەکە پشکنینان بۆ 1600 شوێنی بازرگانی کردووە و لەو ژمارە 150 شوێن بە گوژمەی 50 هەزار دینار تا ملیونێک و 500 هەزار دینار سزادراون، لەگەڵ داخستنی بەشێک لەو شوێنانە.
هەر لەو شەش مانگەدا، هۆشداری دراوە بە 370 شوێن و دەستیشگیراوە بەسەر زیاتر لە 25 تۆن کەرەستەی ماوەبەسەرچوو و قەدەغەکراو.
کوڤان ئاڤدەل، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی زاخۆ بە 964ی وت، “لەو سەردان و کارانەى دەیانکەین مەبەستمان سزادانی هاوڵاتیان و بازرگانەکانمان نییە، بەڵکو تەنیا پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگەکەمانە و رێگا نادەین بازرگانان بۆ مەرام و قازانجی بازرگانیی خۆیان زیان بە خەڵک بگەیەنن”.
“بەردەوام دەبین تا سەرپێچی و قۆرخکاری بگەینێنە نزمترین ئاست”. کوڤان ئاڤدەل وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر