لەمەودوا بێ کێشە سزای سەر ئۆتۆمبێلەکەت بزانە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
هاتوچۆی سلێمانی بەشی نوێی بۆ زانینی سزای ئۆتۆمبێل لەسە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتییەکە کارا کرد و بڵاو کردەوە. وتەبێژەکەی دەڵێت: هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی تیادا تۆمارە کە لە 1ی ئەیلوولی 2014ـەوە مامەڵەیان بۆ کراوە.
لە بەشە کۆنەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا چەند کێشەیەک هەبوو و شۆفێران بەردەوام لێی بە گلەیی بوون.
رائید بەھمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی964ـی راگەیاند: ماوەیەک بوو ئەو بەشەی سەرپێچییە راگیرا بوو، ئێستا خراوەتەوە کار.
سەرجەم جۆرەکانی ئۆتۆمبێل لە تایبەت، کرێ، بار، کشتوکاڵی، بیناسازی و ماتۆڕسکیل دەتوانن بڕی سەرپێچییەکانیان بزانن.
“لەو بەشە نوێیەدا بە هەمان شێوەی پێشوو ژمارەی ساڵانەکەی ئۆتۆمبێل مەرجی زانینی سزاکەیە، ئەوەش بۆ ئەوەی کەس سەیری سزای ئۆتۆمبێلی کەسی تر نەکات و سزای تابلۆی کۆن و نوێشی تێدایە”، بەهمەن عەبدوڵڵا وای وت.
وتیشی:”ئەو لینکە تایبەتە بەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە (1-9-2014)ـەوە مامەڵەیان بۆ کراوە دەتوانن سەیری بڕی سزاکانیان بکەن، ھەر ئۆتۆمبێلێکپێش ئەو بەروارە بێت دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ بکات”.