بکوژانی پێنج کەسەکەی دهۆک دادگایی دەکرێن

964+

توانا نەقی – هەولێر

بڕیارە سبەی یەکشەممە 23ـی کانونی دووەم، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی چوار کەس کە تۆمەتبارن بە کوشتنی پێنج هاوڵاتییەکەی دهۆک لە ئامەدی باکوری کوردستان بەڕێوە بچێت.

جەلال جەلالەدین، کە مام و داپیری لە روداوەکەدا کوژراون بە تۆڕی 964ـی وت، پێیان راگەیەندراوە کە سبەینێ دادگاییکردنی بکوژی سەرەکی و سێ لە هاوکارەکانی لە ئامەد بەڕێوە دەچێت.  

دەشڵێت: بکوژە سەرەکییەکە تەمەنی 44 ساڵە و خەڵکی باکوری کوردستانە، ماوەی چوار ساڵە لە دهۆک نیشتەجێیە پیشەی کارەباچییە و لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی “ئەڤرۆ سیتی” کار دەکات و ماڵی حاجی عەبدوڵا، کە یەکێکە لە کوژراوەکان، ئاشنایەتی لەگەڵ بکوژەکە هەبووە لە هەمان پڕۆژە.

جەلال جەلالەدین، ئەوەش دەڵێت کە مام و داپیری ئەو خزم بوون لەگەڵ حاجی عەبدوڵڵا کە کەسێکی دەوڵەمەندە و بەیەکەوە بڕیاری سەفەریان دابوو، بکوژەكەش بە باشی حاجی عەبدوڵای ناسیووە و بە بەردەوام چاودێری کردووە.

تۆڕی964 دەزانێت، کە ئەمڕۆ شاندێکی پارێزگا و رێکخراوە ناحکومییەکانی ئامەد بە مەبەستی سەرەخۆشی و بەڵێنی پشتگیریکردنیان لە کەیسەکەدا، سەردانی بنەماڵەی کوژراوەکانیان کردووە لە دهۆک.

کەسوکاری بکوژەکان ئەوەیان راگەیاندووە ئامادەن سەردانی بنەماڵەی کوژراوەکان بکەن، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە ئێستا پێشوازییان لێبکەن و ترسی ئەوەیان هەیە کە کاردانەوەی خراپ دروست بێت لە لایەن خەڵک و خزمە کەس و کاریانەوە، جەلال جەلالەدین، وادەڵێت.

رۆژی پێنج شەممە 19ی کانونی دووم، لە شاری نوسێبینی پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان، لە رووداوێکی تەقەکردندا پێنج هاوڵاتی دهۆک درانەبەر دەستڕێژی گولە و کوژران.