25 داواکارییان هەیە

خورماڵ و سەیدسادق داواکارییەکانیان گەیاندە سەرۆکی حکومەت 

964+

عومەر فەتاح – هەڵەبجە

ئەگەرچی بڕیار بوو نوێنەرانی قەزای خورماڵ و سەیدسادق چاویان بە سەرۆکی حکومەت بکەوێت، بەڵام چاوپێکەوتنەکە ئەنجام نەدرا و 25 داواکارییان گەیاندە نووسینگەی ناوبراو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30.6.2024 مەسرو بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجەی بەسەرکردەوە.

ئەمین حاجی زەڵمی، چالاکوان و دانیشتووی قەزای خورماڵ بە 964ـی راگەیاند، چاویان بە وتەبێژی حکومەت کەوتووە و لە رێگەی ئەوەوە نووسراوێکیان داوەتە سەرۆکی حکومەت کە بریتی بووە لە 10 داواکاری.

ئەو چالاکوانە سەبارەت بە داواکارییەکان وتی، “داوامان کرد کارەکانی بە قەزابوونی خورماڵ تەواو بکرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکان بکرێنەوە. هەروەها دووسایدكردنی رێگای خورماڵ – گردی گۆ – تەوێڵە. هەروەها داوامان کرد مەرزی مڵەخورد بکرێتەوە و نەخۆشخانەیەکی گەورەشمان بۆ بکرێت”.

لای خۆشییەوە مامۆستا شاخەوان والی، بەناوی دانیشتوانی سەیدسادقەوە نووسراوێکی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت کردووە. ئەو بە 964ـی وت، “بەهۆی ئەوەی نەمانتوانی راستەوخۆ سەرۆکی حکومەت ببینین، نووسراوێکی 15 خاڵیمان بۆ ناردووە لە بواری پەروەردە، کشتوکاڵ، تەندورستی، شارەوانی و ژینگە، چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و پێویستمان ئاماژە پێکردووە”.

“خاڵێکی داواکارییەکەمان ئەوە بووە وەک خەڵکی سەیدسادق دیدارێکمان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت بۆ ڕێکبخرێت تا لە نزیکەوە چاومان پێی بکەوێت و کێشە و گرفتەکانی بۆ باس بکەین”، ئەوە قسەی مامۆستا شاخەوانە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

14 پڕۆژەى پارێزگاى هەڵەبجە راگیراون

14 پڕۆژەى پارێزگاى هەڵەبجە راگیراون