ئەمڕۆ سەرۆکى حکومەت لەوێ دەبێت
14 پڕۆژەى پارێزگاى هەڵەبجە راگیراون
964+
وریا فەتاج
14 پڕۆژەى پارێزگاى هەڵەبجە بە هۆکارى ئەوەى لەسەر بودجەى نەوتن راگیراون، رەزامەندیش دراوە لەسەر کارکردن لە 12 پڕۆژەى دیکە، بەڵام تائێستاش کارکردن تێیاندا دەستى پێنەکردووە، ئەمڕۆش سەرۆکى حکومەت لەوێ دەبێت.
کاوە عەلى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە بە 964ـى وت، رەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەنجامدانى 12 پڕۆژەى نوێ هەیە کە لە بوارى قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردندان لە ناو هەڵەبجە و خورماڵ و بیارە و سیروان و بەمۆ، بەڵام تائیستا کارکردن تێیاندا دەستى پێنەکردووە.
964 دەزانێت ئەمە ئەو 12 پڕۆژەن:
1. رێگاسازی گەڕەکی باخی میر و مۆردانە و تەنیشت باڵامبۆ.
2. رێگاسازی چەند کۆڵان و شەقامێک لە بیارە.
3. رێگاسازی چەند کۆڵانێک لە تەوێڵە.
4. کۆنکرێت کردنی چەند کۆڵانێک لە بەمۆ.
5. رێگاسازی شەقامی سەرەکی بامۆک.
6. قۆناغی دووەمی داڵانی لە خورماڵ
7. رێگاسازی گەڕەکی سەرا بەرامبەر پاسپۆرت .
8. رێگاسازی گەڕەکی کانیە قوڵکە (مزگەوتی ئیمام عەلی + چەند کۆڵانێک بەرامبەر نەخۆشخانەی گشتی).
9. رێگاسازی گەڕەکی ماردین .
10. گەڕەکی ئازادی لە سیروان قۆناغی یەکەم.
11. رێگاسازی بەشێکی تر لە ئەندازیاران.
12. رێگاسازی و ئاوەڕۆ بۆ چەند کۆڵانێک لە هەڵەبجە.
لەبارەى ئەو 14 پڕۆژەیەى پارێزگاکە کە داواکراوە بخرێنە سەر بودجەى وەبەرهێنان، کاوە عەلى باسى لەوەکرد، ئەو پڕۆژانە کە ژمارەیان 14 دانەیە، داواکراوە لەسەر بودجەى نەوتەوە بخرێتە سەر بودجەى وەبەرهێنان، چونکە بەهۆى ئەوەى لەسەر بودجەى نەوتن پڕۆژەکان راگیراون.
بە وتەى کاوە عەلى، ئەو پڕۆژە وەستاوانە لەسەر بودجەی نەوتى ساڵی 2012 بوون و تائێستا وەستاون، لە 29.4.2024، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە کە بودجەکەیان بچێتە سەر بودجەی وەبەرھێنان و 28.5.2024 وەزارەتی پلاندانان نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتەکانی ( شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە و پەروەردە کردووە) کە 14 پڕۆژەن.
پڕۆژە تەواو نەکراوەکان ئەمانەن:
1. خزمەتگوزاری گەڕەکی سەرا بەشێک لە شەهیدان لە هەڵەبجە.
2. گەڕەکی فەرمانبەران لە خورماڵ.
3. گەڕەکی دەروازە لە هەڵەبجە .
4. چەند باخچەیەک و شۆستەی ناوبازاڕ لە سیروان.
5. ئاوەڕۆی سندوقی لە هەڵەبجە .
6. کۆنکرێت کردنی شەقامەکانی تەوێڵە .
7. بینای قائمقامیەت + بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە.
8. قیرتاوکردنی چەند رێگایەکی گەشتیاری (رێگای گوڵان و باوەکۆچەک و کانی زڕگوێز و سەرگەت هانەی دن گوڵپ.
9. دروستکردنی دوو قوتابخانە لە یەکى شەهیدەکان و کیمیاباران.
10. دروستکردنی دوو قوتابخانە لە جێگەی قوتابخانەی بەمۆ و بینای ئامادەیی کشتوکاڵ.
11. ئاوەڕۆی گەڕەکی داڵانی و قەڵا نۆژەنکردنەوەی گەڕاو و دابینکردنی پێداویستی وەرزشی و یاری منداڵان بۆ پارکی گشتی.
12. بینای پەیمانگای هونەرەجوانەكان.
13. رێگای خەرپانی سەید سەلام.
14. دروستکردنی تۆڕی ئاو تانکی بۆ چەند گوندێکی بیارە و خورماڵ .
بڕیارە ئەمڕۆ مەسرور بارزانى سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەبکات و بەردى بناغەى سایلۆى هەڵەبجە دابنێت کە 40 هەزار تۆن گەنم لەخۆى دەگرێت.