هەزار دینارى لێبووەتەوە

گەرما نرخى مریشکى سوورى دابەزاند

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

مریشکى سوور 1000 دینارى لێبووەوە و لە شەش هەزار و 500 دینارەوە بووە بە پێنج هەزار و 500 دینار، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێت،”گەرما هۆکارە”.

مریشکی سوور بە پێچەوانەی مریشکی سپی بە کیلۆ نافرۆشرێت و ئەو نرخەی دیاری دەکرێت بۆ مریشکەکەیە بەبێ کێشان

عەبدوڵا رەسوڵ، خاوەنی دوکانی مریشکفرۆشی لە شاری سلێمانی بە 964ـى وت، مریشکى سوور لە بازاڕ زۆرە لە کەرکوک و بەغداوە دەهێندرێت و لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت.
وتیشی، “مریشکی سوور چونکە مریشکی هێلکەکەرە، توانای مانەوەی لەبەر گەرما زۆر نییە، بۆیە ئەوانەی دەیهێنن نرخەکەیان کەمکردووەتەوە تا مریشکەکانیان نەمردن و بۆیان بفرۆشرێت”.
بە بڕوای ئەو مریشکفرۆشە، ئەگەری هەیە نرخی مریشکی سوور لە چەند هەفتەی داهاتوودا زیاتر داببەزێت.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە 964ی راگەیاند، تا ئێستا ئاماری ئەوە نەکراوە رۆژانە و ساڵانە چەند مریشکی سوور دەهێنرێتە سلێمانییەوە یان هەرێمی کوردستان، چونکە زۆرینەی مریشکە سوورەکە هاوردەیە و لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقەوە دێتە هەرێم.

“جگە لەوەی گەرما کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی ئەو مریشکە هەیە، جاری واش هەیە چەند کێڵگەیەک بەسەر یەکەوە مریشکە سوورە هێلکەکەرەکانیان دەخەنە بازاڕەوە و ئەوەش نرخەکەی هەرزان دەکات”، نازم عەبدوڵا واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

هەواڵی گران بوونی مریشک و چارەکردنی کێشەی بازاڕی داون ...

هەواڵی گران بوونی مریشک و چارەکردنی کێشەی بازاڕی داون تاون هات