لە کەرکوک
ئەو ماڵەی ئاوازی سرودی “ئەی رەقیب”ـی تێدا داندرا رووخێندرا
964+
كاروان ساڵحی – كەركوک
ئەو خانووەی لە شاری کەرکوک ئاوازی سرودی “ئەی رەقیب”ـی تێدا داندرا فرۆشرا و تێکدرا، رۆشنبیرانی شارەکە نیگەرانن لە رووخاندنی، فەرمانگەى شوێنەواریش دەڵێت، بنەماڵەکەى بە فرسەتیان زانى و لە جەژندا رووخاندیان.
خانووەکە ماڵی سەید ئەحمەدی خانەقا بووە و مێژووەکەی بۆ 250 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لەو خانووەدا هەریەکە لە شێخ حسێن بەرزنجی و دڵداری شاعیرەوە ئاوازی سرودی نەتەوایەتیی “ئەی رەقیب” داندراوە.
عەبدولستار جەباری، ئەدیب ونووسەر بە 964ـی وت، “هەرچەندە موڵكی میراتگرانی سەید ئەحمەدی خانەقایە، بەڵام دەبوو فەرمانگەی شوێنەواری كەركوك یاخود شارەوانی هاوشێوەی شوێنەوارەكانی دیكە هەڵیبگرتایەتەوە بۆ خۆی و رێگر بوایە لە فرۆشتن و رووخاندنی”.
وتیشی، “ماوەیەك بەرلەئێستا شوێنەواری كەركوك لافیتەی لەسەری دانا بۆ ئەوەی كەس دەستكاریی نەكات، بەڵام بەداخەوە بە بێ ئاگاداریی هەموو لایەك فرۆشرا”.
رووبەری خانووەکە دوو دۆنم بوو و 24 ژوور و حەوشەیەکی گەورەی هەبوو. شوێنێک بوو بۆ کۆبوونەوەی نووسەران و هونەرمەندان و ئەدیبان.
لەسەر ئەو بابەتە، راید عوگڵە بەرێوەبەری فەرمانگەی چاودێری و شوێنەواری کەرکوک بە964ـی وت، ئەو زەویە موڵکی خانەوادەکەیەتی تەنیا لای ئێمە وەک شوێنەوار تۆمار کراوە.
وتیشی،” ئێمە لافیتەمان بۆ خانەقاکە هەڵواسی بۆ ئەوەی نەروخێندرێت، بەڵام بنەماڵەکەی بەفرسەتیان زانی لە رۆژی جەژن کاتێک دەوام نەبووە روخاندویانە و یاساش لەگەڵیاندایە.
“ئەوەی ئێمە ئاگاداربین ئەو موڵکە بە نرخی شەش ملیار دینار فرۆشراوە وشوێنێکی بازرگانییە کە دەکەوێتە سەنتەری شارەکە، دواتر ئێمە داهاتێکی وامان نییە تاکو ئەو زەویە بکڕین و نۆژەنی بکەینەوە”، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى چاودێرى و شوێنەوارى کەرکوک واى وت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد