باڵندەیەکی جیاواز

دوای 10 ساڵ “عەینەمەل” لە پێنجوێن دەرکەوتووەتەوە

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوای چەندین ساڵ لە دوورکەوتنەوەیان، ئەمساڵ باڵندەی جۆری عەینەمەل لە پێنجوێن دەرکەوتووەتەوە، كە ئەوان بە گوێرەی گونجانی ژینگەکە هێلانە دروست دەکەن.

کۆرش ئارارات، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە رێکخراوی سروشتی عێراق بۆ پاراستنی باڵندە بە 964ی راگەیاند، ناوی زانستی ئەو باڵندەیە ”Pastor Roseus”ـە و بەکۆمەڵ دەژین، ئەمساڵ بەشێکی زۆریان لە ناوچەکانی شارباژێڕ و پێنجوێن هێلانەیان دروستکردووە.

باسی لەوەش کرد، ئەو باڵندەیە بە گوێرەی گونجانیان لەگەڵ ژینگە کۆچ دەکەن، تایبەتمەندی باڵندەکەش ئەوەیە حەزی بە ناو دارستانی چڕە بۆ هێلانە دروستکردن.

”تایبەتمەندی ئەو باڵندەیە ئەوەیە بە تەواوی دژی کولـلەیە، کە ئەمساڵ بە شێوەیەکی زۆر بەناو پێنجوێن و شارباژێڕدا بڵاوبوونەتەوە، لەبەر ئەوە بوونی ئەو باڵندەیە بەسوودە بۆ پاراستنی بەرهەمی کشتوکاڵی جوتیاران”، کۆرش وای وت.

هاوکات رێبوار کەمال، سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە لە پێنجوێن بۆ 964ی وتی، باڵندەکە زیاتر لە 10 ساڵە لە پێنجوێن بەم شێوەیە دەرنەکەوتووە و لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا زۆر بە کەمی بینراوە، بەڵام ئەمساڵ روویان لە پێنجوێن کردووەتەوە و هێلانەکانیان گواستووەتەوە پێنجوێن.

پێداچوونەوە: رۆزی عەبدولڕەحمان

لە کفری کۆمەڵێک باڵندەی دەگمەن گەڕێندرانەوە ناو سروشت

لە کفری کۆمەڵێک باڵندەی دەگمەن گەڕێندرانەوە ناو سروشت