خنکان زۆر بووە
بەرگرى شارستانى سۆران ناهێڵن کەس لە رووبارەکان نزیک ببنەوە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
بەرگری شارستانی سۆران بە درێژایی رووبارەکانى سنوورەکەى تیمی داناوە و رێگری دەکەن لە خەڵک بچنە سەر رووبارەکان، ئەمڕۆش گەنجێک لە خنکان رزگارکرا.
رۆژى هەینی 28.6.2024 تیمەکانی مەلەوانی بەرگری شارستانی سۆران لەسەر رووباری گەلی عەلی بەگ رێگری دەکەن لە خەڵک کە نزیکی رووبار ببنەوە، لە گوندی بەرزێوەش لە قەزای رواندز گەنجێک دەکەوێتە رووبار و بێ هۆش دەبێت و خەڵکی ناوچەکە رزگاری دەکەن.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت،”لە مەودوا رۆژانی پێنجشەمە و هەینی و شەممە 12 تیمان لە ئەرک دەبن، تیمەکانمان دابەش کردوە لە سەر رووبارەکان و رێگری دەکەن لە خەڵک کە نزیکی ئەو شوێنانە ببنەوە کە مەترسیدارن و مەبستمانە گیانی هاوڵاتیان و گەشتیاران بپارێزین”.
وتیشی، ئەمڕۆ لە رووباری بەرزێوە کەسێک لەلایەن خەڵکی ناوچەکە لە خنکان رزگارکراوە کە گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بووە، دوای ئەوەی دەکەوێتە ناو ئاو سەری بەر بەردێک دەکەوێت و بێهۆش دەبێت، بەلام ئێستا تەندروستی جێگیرە.
بەرگری شارستانی سۆران دەشڵێت، ئەمساڵ 14 کەس لە رووبارەکانی سنوورەکە لە خنکان رزگار کراون کە کەوتونەتە رووبارەکان.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست 964 کەوتوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر رووبار هەیە و ئەمساڵیش لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ پێنج کەس لە سنورەکە خنکاوە و چارەنوسی کچە مێردمنداڵیکیش لە نێوانی ون بون و خنکان ماوەتەوە و تیمەکان زیاتر لە 22 رۆژە بەدوایداە دەگەڕێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح