کۆڵى نەدا
سەختی ژیانى ژنێک دەرگای خێری بۆ کچان و ژنانی دیکە کردەوە
964+
پەری ساڵح
دایکی ئەمیر، بارودۆخ و سەختی ژیان چۆکی پێنەدا و بۆ بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی نانەواخانەیەکی دانا و دەرگای خێری بۆ کچان و ژنانی حەویجەش کردەوە.
لە قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکوک دایکێک کە خاوەنی هاوسەرێکی نەخۆش و کوڕێک و دوو کچە، مەینەتی و سەختی ژیان و نەبوونی هیچ موچەیەک ناچاریدەکات لە ماڵ بێتە دەرێ و کارێک بکات، بەهۆی ئەوەی لە ماڵەکەی تەنور و ئامێری هەویر شێلانی هەیە بیر لە کردنەوەی نانەواخانەیەک دەکاتەوە.
دایکی ئەمیر تایبەت بە 964 وتی،”کوڕەکەم تەمەنی بچوک بوو، کچەکانیشم دەیانخوێند، یەکێکیان لە کۆلێژ بوو خەرجی زۆری دەویست و بیرم لە کارێک کردەوە و بەدوای جێگایەک گەڕام دوور نەبێت لە ماڵەکەم”.
دایکی ئەمیر ئێستا خاوەنی نانێکی بەتامە و وەک خۆی باسی دەکات داواکاری هێندە زۆر بووە، چەند ژن و کچێکی تریشی خستووەتە سەر کارەکە و ئەگەر ئیشەکەی باش بێت، کارەکە گەورەتر دەکات و جگە لە نان، کێک و بەرهەمەکانی تر هەویر زیاد دەکات.