فەرمانگەی ژینگەی سۆران - وێنە: پەیجی فەرمانگەکە لە فەیسبووک
سەبارەت بە دامەزراندنی فەرمانبەرەکانیانە
فەرمانگەی ژینگەی سۆران: دەستی دەستیمان پێدەکرێت
پێشەوا محەمەد
ئەگەرچی بڕیار بوو مانگێک بەرلەئێستا فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست بۆ فەرمانگەی ژینگەی سۆران دابمەزرێندرێن، بەڵام بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستی دەستییان پێدەکرێت.
فەرمانگەکە ماوەی ساڵێک و حەوت مانگە دامەزراوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا بەڕێوەبەری هەیە و لە مانگی سێی ئەمساڵیشەوە 30 ناو بۆ دامەزراندن رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراون.
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ لای سەرۆکی دەستەی ژینگە بووم و نیگەرانیی خۆم پێگەیاند، کە ئەنجومەنی وەزیران هەر رۆژە و بیانوویەک دەهێنێتەوە بۆ رەزامەندی نەدان لەسەر فەرمانبەرەکانمان”.
وتیشی، “سەرۆکی دەستە هاوڕا بوو کە ناکرێت دوای ساڵێک و حەوت مانگ فەرمانگەیەک بێ فەرمانبەر بێت، بۆیە بڕیاری دا ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو رەزامەندی نەدرا نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەکات”.
ئێستا هاوڵاتیانی ئیدارەکە ئەگەر بێت و هەر کارێکیان لەو فەرمانگەیە هەبێت، دەبێت بچنە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر.
“ئێمە شەش قەزای دیکەشمان لەسەرە، ئەگەر فەرمانگەکە فەرمانبەرەکانی بۆ دابمەزرێندرێت، ئەوا کارئاسانیی زۆر بۆ کاروباری هاوڵاتیان و پڕۆژەکان دەکرێت و پێویست ناکات بچنە هەولێر”، ئەوەش قسەی هەژار ماهیرە.