گرافیک 964
کچێکی 16 ساڵە
گەشتیارێک لە سەیرانگەی گۆڵێ خنکا
964+
کامیار کەمال ــ پێنجوێن
گەشتیارێک لە سەیرانگەی گۆڵێی سنووری پێنجوێن خنکا ئەو گەشتیارە بە نەتەوە عەرەبە و کچێکی تەمەن 16 ساڵە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەسەر رووداوەکە بە 964ـی راگەیاند، ئەو کچەی گیانی لەدەستداوە دانیشتووی بەغدایە و بە مەبەستی گەشتکردن هاتوونەتە ئەو ناوچەیە.
وتیشی، لە بەغداوە لەگەڵ دایک و باوکیدا بە مەبەستی گەشتکردن هاتوونەتە سەیرانگای گۆڵێ و ئەمشەو نزیک کاتژمێر 8:00 خنکاوە و ئێستاش تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی پێنجوێنە و دوای رێکارەکان رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
باسی لەوەش کرد، راستەوخۆ دوای خنکانی تەرمەکەی دەرهێندراوەتەوە و ئەو جێگایەی کە گەشتیارەکە تییدا مەلەی کردووە نزیکەی چوار مەتر قوڵە.
ئەوە لەکاتێکدایە، پێنج رۆژ لەمەوبەر منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ و نیو لە حەوزێکی ئاو لە نزیک ماڵی خۆیان لە گوندی میراوا خنکا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی