رۆژنامەوانێکی جەنگی سەرقاڵی تۆمارکردنی دیمەنەکانە _ وێنە: ئاژانسەکان
لە هەڵەبجە هیچ سەرپێچی نەکراوە
رێکخراوێک: 78 پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەوانان و دەزگاکانیان کراوە
964+
ژووری هەواڵ
رێکخراوێکی داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەوانان ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، تادێت پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونن و زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەوانان و دەزگاکانی راگەیاندن لە هەولێر بووە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 78 پێشێلکاری تۆمارکراون، 75٪ـی پێشێلکارییەکانیش رێگەنەدان بووە بە رووماڵکردن.
ئامارەکە لەلایەن رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بڵاوکراوەتەوە و ئەو پێشێلکارییانەی تۆمارکردووە کە لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2024 بڵاوکردەوە.
“تادێت پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونن، بەشێوەک ئازادیی کاری رۆژنامەوانی خستووەتە بەردەم پرسیارەوە. رۆژانه لە هەرێمی کوردستان پێشێلکاریی زەق و ئاشکرا بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەکرێت و رێگە نەدان بە روومال و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی و چاوسوورکردنەوە هەیە”، رێکخراوەکە وا دەڵێت.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا 78 پێشێلکاری تۆمارکراون، 145ـیان پێشێلکاریی بووە، دوو رۆژنامەوان دەستگیرکراون، 59 جار رێگری لە رووماڵکردن کراوە، 19 جار هێرش و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی هەبووە.
ژمارەی پێشێلکارییەکان بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان: لە هەولێر 46 پێشێلکاری، لە دهۆک 21 پێشێلکاری، لە سلێمانی 11 پێشێلکاری و لە هەڵەبجە هیچ تۆمارنەکراوە.