گەنجەکە دوا 17 رۆژ

لە پشدەر ونبوو لە زەڕایەن دۆزرایەوە

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

دواى ئەوەى 17 رۆژ بوو هیچ هەواڵ و سۆراغێکى نەبوو، ئەمڕۆ گەنجە ونبووەکەى  ژاراوە لە زەڕایەن دۆزرایەوە، بە وتەى کەسوکارەکەشى بێت بە پێ رۆشتبوو بۆ هەڵەبجە.

موڕاد ئەحمەد، گەنجێکى دانیشتووی گوندی سیدەڵانە لە ناحیەی ژاراوەى سەر بە قەزاى پشدەر، لە ئێوارەى 8.6.2024 چووەتە دەرەوە و ئەمڕۆ 25.6.2024 لە زەڕایەن دۆزراوەتەوە

حەسەن ئەحمەدى براى موراد قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”براکەم پێشتر مینى پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە چاوێک و دوو پەنجەى لەدەستداوە، بەم هۆیەوە توشى نەخۆشى دەروونى بووە و جار جار دەڕواتە دەرەوە و نایەتەوە، تەنانەت هەندێ جار نامان ناسێتەوە و پێشتریش چەند جارێک ونبووە و دۆزیومانەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان زۆرى خایاند و دواى 17 رۆژ دۆزیمانەوە”.

بە وتەى حەسەن، دواى ئەوەى لە کامێراى چاودێرییەوە سەیریان کردووە کە بەرەو ئیسێوە رۆشتووە، پۆلیسى ماوەت و قندۆڵیان ئاگادار کردووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیسى زەڕایەن پەیوەندى بە پۆلیسى ژاراوە دەکات کە کەسێکیان لایە و گومان دەکەن ئەو کەسە ونبووەى ژاراوە بێت، بۆیە پۆلیسى ژاراوە دەستبەجێ کەسوکارى موراد ئاگادار دەکاتەوە و دەردەکەوێت کە مورادە، ئەوانیش دەچن بۆ زەڕایەن و دەیگەڕێننەوە.

ئەوکاتەى لە رێگابوون 964 قسەى لەگەڵ حەسەن ئەحمەد کرد، ئەو وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى بە دۆزینەوەى براکەى، سوپاسى تۆڕى میدیایى 964 و هەموو ئەو کەس و لایەنانەکرد کە بە گرنگییەوە بەدەم ونبوونى براکەیانەوە چوون.

پێشتر 964 بێ سۆراغبوونى ئەو گەنجەى بڵاوکردبووەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

15 رۆژە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و بێسەروشوێنە

15 رۆژە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و بێسەروشوێنە