دادگاى سلێمانى
بکوژى خواناس وریا زیندانى هەتاهەتایى بەسەردا سەپێنرا
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دادگای تاوانەكانی سلێمانی بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ بكوژی خواناس وریا دەركرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 25.6.2024، دوادانیشتنى دادگاى کەیسى خواناس وریا لە دادگاى تاوانەکانى سلێمانى بەڕێوەچوو کە تێیدا پەیامنێرى 964 لە دانیشتنەکە ئامادەبوو.
لەدانیشتنەكەدا پارێزەری خواناس وتویەتى، “ئەم كوشتنە هۆكارە بۆ تۆقاندنی كۆمەڵگە و رەتكردنەوەی هەر بیروباوەڕێك كە بەدڵی كەسی بەرامبەر نەبێت و تاوانبار لەرێگەی ئەم كوشتنەوە هانی خەڵك دەدات بۆ رەتكردنەوەی بیروباوەڕە دژەكان”.
لەبەرامبەردا پارێزەری تۆمەتبار وتی، “تۆمەتبار لەبەرامبەر سووكایەتی بە خوا و ئایینی ئیسلام و پێشمەرگە ئەم كارەی كردووە و چەند جارێك قسەیان كردووە و داوای كردوە پۆستەكانی فەیسبوك بسڕێتەوە، بەڵام خواناس گوێی بەوە نەداوە و رەتیكردووەتەوە”.
دانیشتنی کۆتایی کەیسی کوژرانی خواناس وریا دواخرا
لە دانیشتنەکەدا هێرش کەریم تاوانبار بە کوشتنی خواناس، قسەى کرد و وتى،” ئەو ئیفادانەی پێشووتر رەتدەكەمەوە و من لەبەر سووكایەتی بە ئایین نەم كوشتووە، بەڵكو چەند جارێك شەڕمان بووە و زۆر بە خراپی لێیداوم، كێشەكەمان شەخسی بووە، كۆتاجار كە بینیم تووشی هەڵچوونێكی كاتی بووم و خۆم پێ كۆنتڕۆڵ نەكرا و كوشتم”.
لە كۆتایی دانیشتنەكەدا لەدادگای تاوانەكانی 3، دادوەر بڕیاری زیندانی بە مادەی دووی تیرۆر بە هەتاهەتایی، كە لە 20ساڵ كەمتر نییە، بۆ تاوانبار هێرش كەریم دەركرد و دەست بەسەر موڵك و ماڵیدا دەگیرێت، تا رۆژی تەواوكردنی سزاکەى.
سەرەڕاى بڕیاری زیندانى هەتاهەتایى، بەڵام بنەماڵەی خواناس وریا بە بڕیاری دادگا رازی نین و دوای تەمیزكردن دەكەن، پێیان وایە خاتری تاوانبار گیراوە.
رۆژی 22ی حوزەیرانى 2023 گەنجێک بەناوی خواناس وریا لە ناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵدا کوژرا، رۆژێک دواتر ئاسایش بکوژەکەی بەناوی هێرش دەستگیر کرد.
خواناس لە ساڵی 2019 لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دەربەندیخان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕی بەدەست هێناوە، ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح